بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم لاهوور شێخ جەنگی، ببرێتە بەردەم دادگا و یەكەمین دادگایی بەڕێوە بچێت، جگە لە خۆی و براكەی، 10 گیراوی تر دەبرێنە دادگا.
ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایار، بڕیارە سەعات 10ـی بەیانی لاهوور شێخ جەنگی و براكەی لەگەڵ 10 لە گیراوانی لالەزار ببرێنە بەردەم دادگا.
ئەوە لە كاتێكدایە لایەنگرانی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێن، ئێمەیش سكاڵامان لەسەر بافڵ و قوباد تۆمار كرد، بەڵام دادگاكانی سلێمانی نەیانوێرا لێمانی وەرگرن و لە بەغدا بە فەرمانی بەرەی مقاوەمە سكاڵاكە رەت كرایەوە.
دوێنێ دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕیارە سبەی حەوتی ئایار، یەكەم دادبینی لاهوور شێخ جەنگی بەڕێوە بچێت.
زیاتر گوتی، دادگاییەكە لە دادگای جینایەتی دوو لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
هاوكات ئێستە لەناو لایەنگرانی لاهوور شێخ جەنگی، گومان دروست بووە كە دەستوەردان لە كەیسەكە كرابێت، بەناچاری بڕیاری بەپەلە بە دادگا لە بەرژەوەندیی كوڕەكانی تاڵەبانی بدرێت.
رۆژی 26ـی نیسان، كەیسی لاهوور شێخ جەنگی قۆناغی لێكۆڵینەوە تەواو بووە، بۆیە دادوەری دادگای ئاسایش رەوانەی دادگای تاوانەكانی دووی كردووە، دادگای تاوانەكانیش دەبێت وردبینی بكات و دوای تەواوبوونی وردبینییەكە، كەیسەكە لەوێ جێگیر دەبێت و دواتر كاتی دادبینی دیاری دەكرێت.
ماوەی هەشت مانگە لاهوور شێخ جەنگی و 19 كەس لە تیمەكەی لەلایەن هێزەكانی یەكێتـی گیراون.