حاجیان لە كوردستانەوە بەرەو سعوودییە بەرێكەوتن

:: AM:08:50:07/05/2026 ‌
پرۆسەی گواستنەوەی حاجیانی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی سعوودیە دەستی پێ كرد و یەكەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو جددە ئەنجام درا.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایار، كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بەڕێكەوتن.

زیاتر گوتی، ئەم هەنگاوە دوای هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ئەوقاف دێت، كە لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراقی و كۆمپانیای فڕۆكەوانی عێراقی گەیشتنە رێككەوتن بۆ ئەوەی گەشتەكان راستەوخۆ لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بن.

باسی لەوەشكرد، بڕیارە سبەی هەینی یەكەم گەشتی حاجیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بەرەو سعوودیە ئەنجام بدرێت.


وشە - رامیار جەواد