قوباد و بافڵ ئامادەی دادگا نەبوون

:: AM:11:13:07/05/2026 ‌
بەهۆی ئامادەنەبوونی بافڵ و قوباد تاڵەبانی، دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی بۆ هەفتەیەكی تر دواخرا.

فێنك ئەحمەد ئەندامی بەرەی گەل، بە "وشە"ـی راگەیاند، دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ رۆژی پێنجشەم دواخرا، بۆیە چاوەڕوان دەكەیەن بزانین بڕیاریی دادگا چی دەبێت.

باسی لەوەشكرد، بەهۆی ئامادەنەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی كە سكاڵاكاربوون، دادگاییەكە داخرا.

بڕیار بوو ئەمڕۆ دانیشتنی دادگا لەبارەی كەیسێكی لاهوور شێخ جەنگی بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی سكاڵاكاران (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) دادگاییكردنەكە بۆ ڕۆژی پێنجشەمی هەفتەی داهاتوو دواخرا. 

سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە نەهاتنی سكاڵاكاران، ڕێگر بووە لە بەڕێوەچوونی ڕێكارە یاساییەكان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

هاوكات ئێستە لەناو لایەنگرانی لاهوور شێخ جەنگی، گومان دروست بووە كە دەستوەردان لە كەیسەكە كرابێت، بەناچاری بڕیاری بەپەلە بە دادگا لە بەرژەوەندیی كوڕەكانی تاڵەبانی بدرێت.

رۆژی 26ـی نیسان، كەیسی لاهوور شێخ جەنگی قۆناغی لێكۆڵینەوە تەواو بووە، بۆیە دادوەری دادگای ئاسایش رەوانەی دادگای تاوانەكانی دووی كردووە، دادگای تاوانەكانیش دەبێت وردبینی بكات و دوای تەواوبوونی وردبینییەكە، كەیسەكە لەوێ جێگیر دەبێت و دواتر كاتی دادبینی دیاری دەكرێت.

ماوەی هەشت مانگە لاهوور شێخ جەنگی و 19 كەس لە تیمەكەی لەلایەن هێزەكانی یەكێتـی گیراون.




وشە - رامیار جەواد