لەبارەی تەندروستیی لاهوور شێخ جەنگی روونكردنەوە دەدرێت

:: AM:11:33:07/05/2026 ‌
یەكێك لە پارێزەرەكانی لاهوور شێخ جەنگی رای دەگەیەنێت، دوێنێ‌ و ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگیم بینیوە و تەندروستیی باشە، ئەمەیش بەمانای ئەوەیە كە مانگرتنەكە كاریگەریی لەسەر تەندروستیی دانەناوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایار، ئاریان بورهان یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی رای گەیاند، كەسوكاری لاهوور شێخ جەنگی ‌و پۆڵادی برای ‌و 10 گیراوی تر، ئاگادار كرابوونەوە كە ئەمڕۆ لە دادگا ئامادەبن بۆ بەڕێوەچوونی دادگاییەكە.

زیاتر بۆ "وشە" گوتی، ئەو دۆسیەی گیراوانی لالەزاری پێ داگایی دەكرێت، بەگوێرەی مادەی 56ی یاسای سزادانی عێراقییە كە تایبەتە بە تاوانێكی ڕێكخراو.

روونی كردەوە، ئەمڕۆ و دوێنێش كاك لاهوورم بینی‌ و دووپاتمان لە تەندروستییان كردەوە، تەندروستییان باشە.

ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر لاهوور شێخ جەنگی‌ و پۆڵادی برای مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، وەك كاردانەوەیەك لە بەرانبەر زیاتر لە هەشت مانگ گیرانیان ‌و ڕەوانە نەكردنی دۆسیەكانیان بۆ دادگا و دادگایی نەكردنیان، دواتر لە بەرانبەر بەڵێنی جووڵاندنی كەیسەكانیان، مانگرتنیان شكاند.


وشە - رامیار جەواد