عەزیز ڕەئووف: ئۆپۆزسیۆن ساختەیە و لە ژێرەوە خەریكی سەفقەی سیاسییە

:: PM:12:24:07/05/2026 ‌
عەزیز ڕەئووف لەبارەی كۆبوونەوەكەی هەریەك لە نەوەی نوێ، یەكگرتوو، هەڵوێست و كۆمەڵ لە ژێر سەركردایەتیی یەكێتیی رای گەیاند، دەنگدەری ساوێلكە، بڕۆ یەخەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە ساختەیە بگرە كە لە ژێرەوە خەریكی سەفقەی سیاسییە.

لە دوای كۆبوونەوەكەی هەریەك لە نەوەی نوێ، یەكگرتوو، هەڵوێست و كۆمەڵ لە ژێر سەركردایەتیی یەكێتی، عەزیز ڕەئووف نووسەر و رەخنەگری ناسراو لە سلێمانی، گوتارێكی بە ناونیشانی (ئەی دەنگدەری ساوێلكە) بڵاو كردووەتەوە.

نووسەر دەڵێت: دەنگدەری كورد ساوێلكە بوو دەنگی بەناو ئۆپۆزسیۆنێك دا كە هەر لە سەرەتاوە دیار بوون ساختە بوون.

عەزیز لە درێژەی گوتارەكەیدا دەڵێت: بڕۆ دەنگەكەت وەرگرەوە دەنگدەری ساوێلكە. بڕۆ یەخەی دەسەڵات نا، یەخەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە ساختەیە بگرە كە لە ژێرەوە خەریكی سەفقەی سیاسین.

ئاماژەی بەوەش داوە: بڕۆ موحاسەبەی ئەو لێبوكە گاڵتەجاڕە بكە كە دەیگوت كوڕانی تاڵەبانی لە بەردەركی سەرا لە سێدارە دەدەم، ئیستەش وا لەگەڵ دەسەڵات تێكەڵ بوون و بە ئاستەم لە یەكیان جیا دەكەیتەوە.

 بڕۆ موحاسەبەی ئەو ئیسلامییە بێدەستنوێژانە بكە كە چۆن لە باوەشی شیعەكانی دەسەڵاتدان، تۆش بە نییەتی دروستكردنی سەرزەوینێكی پڕ لە ئیماندار دەنگت پێ دان.

 بڕۆ دەرگا بە ئۆپۆزسیۆنی ساختە بگرە كە وەك ڕێویی قەمچووغە، هەر شەوە و لەسەر مێزی بەرپرسێك و لە باوەشی هێزێك لەسەر شاشەی كەناڵی حزبێك و لە دەرگای كۆمپانیایەكە."

لە كۆتاییشدا دووپاتی كردووەتەوە: ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردن و ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی بوو كە دەنگی تۆ دروستی كرد.



وشە - سۆران عەزیز