سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رای گەیاند، پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە شارۆچكەی باتیفا بەردەوامن و نزیكەی سێ ملیار دینار تەرخان كراوە.
گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، "پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سنووری شارۆچكەی باتیفا بەردەوامن. تا ئێستە بەبەهای سێ ملیار دینار پڕۆژە لەم سنوورەدا جێبەجێ كراون.
بەگوتەی گوهدار، نەخۆشخانەی باتیفا كە دەمێكە كاركردن تێیدا راگیراوە، كار بۆ بەگەڕخستنەوەی كارەكانی دەكرێت. "بەپێی پلانەكانمان لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە 21ی ئەیلوول دەكرێتەوە و دەكەوێتە خزمەت خەڵكی ناوچەكە."
گوتی، لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ، دووپات لە پاراستنی ژینگەی ناوچەكە و رێگریكردن لە زێدەڕۆییەكان كراوەتەوە، چونكە باتیفا یەكێكە لە ناوچە هەرە جوانەكانی كوردستان بۆ گەشتوگوزار.
باسی لەوەش كرد، لە ماوەی كەمتر لە 20 رۆژدا تەواوی ئەو رێگایانە چاك دەكەینەوە كە بەهۆی بارانی ئەمساڵەوە خراپ بوون.
ئاماژەی بەوەش دا، "ماستەرپلانی باتیفا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند كرا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر بایەخ بەم ناوچەیە بدرێت. هەروەها پڕۆژەی تیشكی خۆر (سۆلار) بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە ناوچەكە جێبەجێ دەكرێت.