ئەمڕۆ دادگایی لاهوور شێخ جەنگی و براكەی و 10 لە گیراوانی لالەزار هەبوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی قوباد و بافڵ كە سكاڵاكار بوون، دادگاییەكە بەڕێوە نەچوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایار، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" وردەكاریی ناو هۆڵی دادگای لە یەكێك لە كەسوكاری گیراوان دەست كەوتووە كە بەم شێوەیە بووە:
دوای ئەوەی لە سەعات 10 و حەوت خولەك دادوەران ئامادە بوون، یەكەم چەكوشی دادبینییەكە لێدرا، سەرەتا داوا كرا گیراوان بێننە ژوورەوە، دادوەر پاش ناساندنی 12 كەسەكە، دەستی بە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە كرد.
ئەو كەسە دەڵێت، دادوەر داوای سكاڵاكاران بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی كرد، بەڵام لە هۆڵی دادگا ئامادە نەبوون، بۆ دڵنیایی بە فەرمانی دادوەر كارمەندێكی دادگا چووە دەرەوەی هۆڵەكە و چەند جارێك هاواری كرد "بافڵ جەلال حوسامەدین، قوباد جەلال حوسامەدین، كەس وەڵامی نەبوو"، كارمەندەكە هاتە ژوورەوە و گوتی، جەنابی دادوەر لێرە نین. نە خۆیان و نە پارێزەرەكانیان لێرە نین.
روونی دەكاتەوە، دواتر دادوەر گوتەی سكاڵاكارانی خوێندەوە، لەوكاتەدا لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەكتریان دەكرد، لە كاتی وتەكاندا، لە ڕێگەی داتاشۆوە هەندێك ڤیدیۆ و وێنە نمایش كران، دیاربوو لاهوور شێخ جەنگی یەكەمجار بوو بیانبینێ.
ئاماژەی بەوەش كرد، پاشان لاهوور شێخ جەنگی، داوای لە دادوەر كرد دۆسیەكانیان بنێرێت بۆ دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان، بێ ئەوەی ناوی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بهێنێت، گوتی، هۆكارەكەی ئەوەیە سكاڵاكاران لێرە دەسەڵاتدارن.
لاهوور شێخ جەنگی گوتیشی، جەنابی دادوەر پێنج كەس لە نزیكەكانم شەهید كراون و دادگا هیچی نەكردووە؟ دەزگا تەناهییەكان هیچیان نەكردووە، بۆیە داوا دەكەم دۆسیەكانمان بنێرن بۆ دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان.
دادوەر لە وەڵامی ئەم داواكارییەكەی لاهوور شێخ جەنگیدا گوتی، داوای هەردوو دۆسیەكە كراوە با رێكارەكان تەواوبن، دانیشتنەكە بەردەوام بوو، دادوەر سەرجەم وتەكانی خوێندەوە، پارێزەرەكانیش جارجار تێبینییان هەبوو.
پێش ئەوەی دانیشتنەكە كۆتایی بێت، بورهان رەشید سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەكە داوای لە دادوەر كرد، تۆمەتباران پێویستیان بەوەیە ئاویان بۆ بهێنن، لەوكاتەدا دانیشتنەكەدا بەرەو كۆتایی دەچوو، پاشان لاهوور شێخ جەنگی بە زەردەخەنەوە خواحافیزی لە هەمووان كرد.