ڕێباز حەملان بۆ یەکێتی: وەرنە سەر رێگەی دیموکراسی و دەنگی خەڵک بکەنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکوومەت

:: PM:09:42:08/05/2026 ‌
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری، داوا لە سەرکردایەتیی ئێستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی دیموکراسی و دەنگی خەڵک بکەنە پێوەری سەرەکی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، حەملان ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین جار لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی لە مافە یاساییەکانی خۆی چاوپۆشی کردووە، بۆیە پێویستە یەکێتیش ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگرێت و نەبێتە لەمپەر لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتدا.

ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایار، ڕێباز حەملان لە پۆستێکی فەیسبووکیدا ئاماژەی بە چوار هەڵوێستی مێژوویی سەرۆک بارزانی کردووە و نووسیویەتی:

ساڵی 2009: لەبەر حورمەتی مام جەلال، پۆستی سەرۆک وەزیران درا بە یەکێتی و کابینەی 6 پێکهێنرا، لە کاتێکدا ئەو پۆستە بەرکەوتەی پارتی بوو.

ساڵی 2010: سەرۆک بارزانی پێداگری کرد کە دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار هەر بۆ کورد بێت و مام جەلال تاکە پاڵێوراو بێت، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکییەکان و هەندێک وڵات دەیانویست ئەو پۆستە بدەنە پێکهاتەی سوننە.

ساڵی 2014: لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق درا بە بزووتنەوەی گۆڕان، کە ئەویش بەرکەوتەی پارتی بوو.

ساڵی 2026: لە نوێترین هەڵوێستدا لە ڕێکەوتی 2026/5/7 سەرۆک بارزانی پێشنیاری کردووە پۆستێکی وەزیری کورد لە بەغدا بدرێتە کەسایەتییەکی سەربەخۆ (سەردار عەبدوڵا) لەسەر پشکی پارتی.

حەملان لەبارەی دۆخی ئێستە گوتی: "پێویستە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی ڕێز لە پرەنسیپی دیموکراسی بگرن و دەنگی میللەت ببێتە پێوەر بۆ پێکهێنانی کابینەی 10، چونکە پارتی سەلماندویەتی ئیرادەی گەل گرنگە نەک پۆست."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەفتەی داهاتوو ئەگەری زۆرە کابینەکەی عەلی زەیدی لە بەغدا سوێند بخۆن، بۆیە پێویستە لە هەرێمیش حکوومەت پێکبهێنرێت بۆ ڕێککەوتنی نوێ لەسەر بودجە و دەستوور، بەپێچەوانەوە ئاڵەنگاری گەورە دێتە پێش و بەرپرسیارێتییەکەش لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە دەبێتە لەمپەر. 

رێباز حەملان لە کۆتاییدا دووپاتی لەوە کردەوە کە پارتی هەمیشە بۆ گفتوگۆ ئامادەیە، بەڵام هەر لایەک بیەوێت بە پشتیوانی نەیاران ئیرادەی خۆی بسەپێنێت، "سەری دەدات لە چیای سەفین."



وشە - پێشەنگ مەحموود