شەوی ڕابردوو بەهۆی تەقەی خۆشییەوە، دۆخێكی تەناهیی خراپ هەبوو، لە قامیشلۆ حەوت كەس بریندار بوون و كەسێكیش گیانی لە دەست دا.
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هەشتی ئایار، ژمارەیەك گیراوی هەسەدە لەلایەن حكوومەتی كاتی سووریاوە ئازاد كران، كەسوكاری گیراوەكان دەستیان بەتەقە كرد.
بەهۆی ئەو دۆخە تەناهییەی شەوی رابردوو هاتە ئارا، دەستڕێژیی فیشەك لە حەوت هاووڵاتیی سڤیل كرا و شەشیان بریندار بوون و هاووڵاتییەكیش گیانی لە دەست دا.
ئەو هاووڵاتییەی گیانی لە دەست داوە، ناوی ئەنەس شێخۆیە و تەمەنی ١٨ ساڵە، پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لە دەست دا.
بەپێی زانیارییەكانی نەخۆشخانەی قامیشلۆ، ناوی چوار كەسیان بەم شێوەیەن: بەشیر ڕەشید ئەحمەد تەمەن ٢٢ ساڵ، سەلوا حوسێن تەمەن ٤٠ ساڵ، منەوەر فەرحان شێخۆ تەمەن ٥٠ ساڵ، محمەد ئەمین تەمەن ٢٥ ساڵ.
تا ئێستە هۆكاری دەسترێژی فیشەك لەو هاووڵاتییانە لەلایەن دەزگا فەرمییەكانەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە و هۆكارەكەشی نەخراوەتەڕوو، بەڵام بەهۆی دڵگەرمی دانیشتووانی رۆژئاوای كوردستان، شەوی رابردوو تەقەیەكی زۆر كرا و ئەوەش دۆخێكی مەترسیداری تەناهیی دروست كرد.