پارتی لە عەفرین فێستیڤاڵێكی نەتەوەیی ساز كرد

:: AM:09:32:10/05/2026 ‌
بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیان و خێزانە كوردەكانی دەڤەرەكە، رێكخستنەكانی عەفرین و حەلەبی پارتی دیموكراتی كوردستان– سووریا (پەدەكە-سە)، لەگەڵ یەكێتیی لاوان و خوێندكارانی دیموكراتی كوردستان، بە ئامانجی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، فێستیڤاڵێكی بەهاری بەرفراوانیان لە بەردەم گۆلی مەیدانكێ لە عەفرین ساز كرد. 

فێستیڤاڵەكە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب” دەستی پێ كرد و بە گۆرانی ڕەسەن و گۆڤەندی فۆلكلۆری تایبەت بە ناوچەی عەفرین بەردەوام بوو. ئامانجی سەرەكی ئەم بۆنەیە ئەوەبوو كە گەنجان و قوتابیانی كورد، بە ڕەگوڕیشەی كولتووری خۆیانەوە گرێ بدات و پێوەندیی برایەتی و كۆمەڵایەتیی نێوان بنەماڵەكانی ناوچەكە پتەوتر ببێت.

لە چوارچێوەی بەرنامەكەدا بەرپرسان و نوێنەری لایەنە بەشدارەكان چەندان گوتاریان پێشكەش كرد. لە گوتارەكاندا تیشكیان خستە سەر گرنگیی پاراستنی میراتی كولتووری كورد و پاڵپشتیكردنی خوێندكاران لە خوێندن، دروستكردنی پردێكی بەهێزی پێوەندیی نێوان پێكهاتە كوردییەكانی ناوچەكە.

فێستیڤاڵی بەهاری بە خوێندنەوەی چەند شیعرێكی نیشتمانپەروەرانە لەلایەن خوێندكارانەوە كۆتایی هات. 

ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێكی گرنگ بوو بۆ خێزانە كوردەكانی عەفرین، بۆ ئەوەی لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە لە یەكتر نزیكتر ببنەوە و لە كەشێكی ئارام و هونەریدا لە ڕووی مۆراڵییەوە پتەوتر بن.



وشە - سۆران عەزیز