بەهۆی بڕیارێكی عێراق، تووشبووانی هیمۆفیلیا لە كوردستان تووشی كێشە بوونە، نرخی دەرزییەك گەیشتە 400 دۆلار كە بەشێكیان هەفتانە و بەشێكیان مانگانە پێویستیان پێیەتی، ساڵانە ئەو كێشەیە لە مانگی دوو دروست دەبوو و چارەسەر دەكرا، ئەمساڵ مانگی پێنجە تا ئێستە عێراق بڕیاری كڕینی نەداوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی ئایار، شوان بەكر ئەندامی كۆمەڵەی هیمۆفیلیا، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی بڕیاری عێراق كە دەرزیی هیمۆفیلیا بۆ كوردستان نانێرێت، ئێستە نرخی ئەو دەرزییە نزیكە لە 400 دۆلار، كێشەكەش بەردەوامە.
زیاتر گوتی، عێراق هیچ دۆخێكی تووشبووانی هیمۆفیلیای لەبەرچاو نەگرتووە، ئەو بڕیارەی داوە و ئێمەیش هۆكارەكەی نازانین، هەروەها تا ئێستە گرێبەستی نوێی نەكردووە بۆ كڕینی ئەو كێشەیە كە لە عێراقیشدا سەری هەڵداوە.
زانیار عادل سەرۆكی كۆمەڵەی هیمۆفیلیا (خوێنبەربوونی بۆماوەیی) رای گەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی نەمانی دەرمان و چارەسەرەوە، ژیانی سەتان نەخۆش كەوتووەتە مەترسییەوە.
زیاتر گوتی، دەرزیی ئەم نەخۆشییە پێشتر لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دابین دەكرا و لە ڕێگەی نەخۆشخانەی هیواوە بەسەر نەخۆشەكاندا دابەش دەكرا، بەڵام ئێستە بە پاساوی قەیرانی دارایی و پەسند نەكردنی بودجە، ڕەوانەكردنی دەرمانەكان ڕاگیراوە.
ئەو داوایەكی ئاراستەی نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد كە بە زووترین كات بێنە سەر هێڵ، گوشار بخەنە سەر حكوومەتی ناوەندی بۆ ناردنی دەرمانەكان.
دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە لەسەر ژیانی سەتان هاووڵاتی كە توانای كڕینی ئەو چارەسەرە گرانبەهایەیان نییە.
لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی هەزار نەخۆش لەو چارەسەرەیان پێویستە، ئێستە پێدانی ئەو دەرمانە لەلایەن عێراقەوە بە ئەنقەست بۆ كوردستان راگیراوە، لە نەخۆشخانەكانی عێراق دابەش دەكرێت.