خۆپێشاندان لە بەغدا دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:33:10/05/2026 ‌
خۆپێشاندانی جووتیاران دژی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی پلاندانان دەستی پێ‌ كرد، داوای وەرگرتنی تەواوی گەنمەكەیان دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی ئایار، شوان شوانی نوێنەری جووتیارانی سنووری كەركووك لە بەغدا، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە گۆڕەپانی تەحریر جووتیارانی سەرجەم پارێزگاكان گرد بوونەتەوە.

زیاتر گوتی، جووتیارانی عێراق و كوردستان وەك ناڕەزایەتییەك بەرانبەر بڕیاری حكوومەت بۆ دابەزینی نرخی كڕینی گەنم، لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا خۆپێشاندانمان كردووە كە دەبێت وەزارەتی پلاندانان و دارایی و بازرگانی ئەو ستەمە رابگرن.

باسی لەوەش كرد، بڕیاری كەمكردنەوەی بڕی وەرگرتنی گەنم و كەمكردنەوەی نرخ، گەورەترین ستەمە لە جووتیاران دەكرێت، بۆیە ئێمە چیتر قبووڵی ناكەین و دەبێت حكوومەت بڕیاری خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

روونی كردەوە، عێراق پێویستی بەو بڕە گەنمە هەیە، بەڵام بەردەوامیی هێنانی بەنایاسایی گەنم لە وڵات، وایكردووە تەواوی گەنمەكەمان وەرنەگیرێت.


وشە - رامیار جەواد