پەرلەمانتارێكی پارتی لە عێراق، رای دەگەیەنێتـ كە سبەی یان دووسبەی سێشەم، پارەی مووچەی هەرێمی كوردستان دەگات.
ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی ئایار، سەفین یاسین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆی ڕەوانەی بەغدا كرد لە بەیانی ئەمڕۆدا، ڕێكارەكان لە بەغدا دەستی پێ كرد.
بەگوتەی یاسین، هەر ئەمڕۆ ڕێكارەكانی ناردنی مووچەی فەرانبەرانی كوردستان تەواو دەكرێت و سبەی بە ئەگەری زۆر و دووسبەی بەدڵنیایی، پارەی مووچە دەگاتە لقی بانكی ناوەندی لە هەولێری پایتەخت.
دووپاتیشی كردەوە، بەگوێرەی پێوەندی و بەدواداچوون لەگەڵ وەزارەتی دارایی كوردستان، هەر پارەكە بگات، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكات.
هەرێمی كوردستان ماوەی سێ ساڵە لەژێر گەمارۆیەكی سەختی دارایی عێراقدایە و هیچ مانگێك بە ڕێكوپێكی مووچەی فەرمانبەرانی نانێرن، ئەوە جیا لەوەی پێنج ساڵە هیچ بڕە بودجەیەكی پڕۆژەكان و پەرەپێدان لەلایەن عێراقەوە بە كوردستان نەدراوە.