دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی كردەوە، هەر شوفێرێك یان سەرنشینێك زبڵ و خاشاك لەناو ئۆتۆمبێل فڕێ بدات سزا دەدرێت، "وشە" شێوازی تۆماری سەرپێچییەكە بڵاو دەكاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئایار، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" بڕیاری سزادانی زبڵ و خاشاك بۆ پاراستنی ژینگە و ڕاگرتنی پاك و خاوێنیی كوردستانە، بۆیە قەدەغەیە شوفێر یان سەرنشین، لە كاتی رۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل، هەر جۆرە زبڵ و خاشاكێك فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەكان.
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ هەر كەسێك سەرپێچی بكات، بە پێچەوانەوە بڕی 40 هەزار دینار سزای دارایی بۆ هەر سەرپێچییەك بۆ ئۆتۆمبێل/ یان ماتۆڕسكیل ڕەوانە دەكرێت كە سەرپێچییەكەی تێدا ئەنجام دراوە.
"وشە" بەدواداچوونی كردووە لەسەر ئەوەی ئەو سزایە چۆن تۆمار دەكرێت؟، دەركەوتووە ئەم سزایە زیاد دەكرێت بۆ هەموو سیستمەكانی تۆماركردنی سەرپێچی وەك PDA و كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی و چاودێری.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵات دەداتە ئەفسەری هاتوچۆ بۆ سەپاندنی ئەو سزایە ڕاستەوخۆ لە كاتی بینینی. یان لەو كاتەی بە ڤیدیۆی تۆماركراو لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ ڕەوانە دەكرێت.
وەزارەتی ناوخۆش بە نووسراو لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی شارەكان، داوا لە هاونیشتمانیان دەكات هاوكاری پاراستنی ژینگە بكەن و خۆیان لە فڕێدانی زبڵ و خاشاك بپارێزن، هەروەها هاوكار بن لە ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی هاتوچۆ لە سەرپێچیكاران بە ناردنی ڤیدیۆ و وێنە.