52 بەسەر لە سێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێكانیدا تێدەپەڕێت كە وەك ژنێكی ئازا، خۆی كردە قوربانی دۆزی ڕەوای میلەتەكەی و تا ئێستەش بەردەوام وەك سیمبولی ئازادی و فیداراكاری ژنان یاد دەكرێتەوە.
لەیلا قاسم بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1958 لە شاری خانەقین چووەتەبەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە. لەیلا لە ساڵی 1971دا لە بەشی كۆمەڵناسی/ كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، لە تەمەنی منداڵییەوە هەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش ستەم و زۆرداری رژێمی داگیركەری عێراق لەسەر گەلی كورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروست كردبوو.
لەیلا هەرزوویش ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و رێكخستنەكانی نەتەوەكەیدا پەیدا كردبوو. ساڵی 1970 لە ڕێگەی سەلام قاسمی برا گەورەكەیەوە پێوەندیی بەبزاڤی سیاسیی نەتەوەكەیەوە كردووە، لەناو ریزەكانی 'یەكێتیی قوتابیانی كوردستان' خەبات و تێكۆشانی بەڕێوە بردووە.
لەیلا قاسم لە ناو قوتابییە كوردەكانی زانكۆی بەغدا، رۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە وشیاركردنەوە و رێكخستنیان. لە كاتێكدا كە دەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ و لە دێهاتەكاندا خەبات بكات، لەیلا بەپێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە كوڕەكانی كورد خەباتێكی بەرفراوانتری بەڕێوە دەبرد و دژ بە نایەكسانی مافەكانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش كە خۆی لە بواری كۆمەڵناسیدا دەیخوێند و زۆرباش لە ڕاستییەكانی كۆمەڵگەی كورددا تێگەیشتبوو.
لەیلا قاسم لەگەڵ یەكێك لە هاوڕێكانی خۆی بەناوی جەواد هەمەوەندی كە بەیەكەوە خەبات و چالاكییان دەكرد، زۆر یەكتریان خۆشدەویست. ئەگەرچی لەیلا خوێندكاری زانكۆ و جەوادیش كرێكاری یەكێك لە كارگەكانی بەغدا بوو، وەلێ خۆشەویستییەكی بێسنووریان لە نێواندا هەبوو.
لەیلا هەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەك لە ناوچەكانی باشووری كوردستان چووە ناو ریزەكانی پێشمەرگەوە. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی رەوشی سیاسیی كورد و بەشێوەیەكی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی رێكخستن بوو لەناو شارەكاندا.
لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی هەردووكیان هاوبیر و كۆك بوون لە پرسەكان لە پێناو سەركەوتنی دۆزی رەوای گەلەكەیاندا. لەیلا و جەواد ئەوینی خۆیان تێكەڵ بەئەوینی كوردستانی نیشتمانەكەیان كردبوو. لەیلا بەخەبات و تێكۆشانی خۆی سەلماندی كە ژنانیش شانبەشانی پیاوان دەتوانن خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی گەلەكەیان بەڕێوە ببەن.
لە سەرەتای ساڵەكانی 1970 كە گەلی كورد لە باشووری كوردستان بەقۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و هاوڕێكانیان سەرباری نكۆڵیكردنی رژێمی داگیركەری بەعس لە هەبوونی گەلی كورد، ئەوان سووربوون لە خەبات و تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەیان. هەروەها لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی 1974 بەیەكەوە لێكۆڵینەوەیەكی زانستییان لەسەر كۆمەڵگەی كورد ئەنجام دابوو و لە دەرفەتێك دەگەڕان تا بڵاوی بكەنەوە.
بەهۆی تێكچوونی گفتوگۆكانی نێوان سەركردایەتیی كورد و رژێمی عێراق و دەستپێكردنەوەی شەڕ، پاشانیش بەهۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و هاوڕێكانی تریان، دەستنووسی لێكۆڵینەوەكەشیان لەلایەن سیخوڕەكانی حكوومەتی عێراقەوە لەناو برابوو.
لە ئاداری 1974دا دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ و هێرشكردنەوەی رژێمی عێراق بۆ سەر ناوچەكانی كوردستان، رژێمی داگیركەر دەستی كرد بەكۆچبەركردنی هەزاران كورد و بۆردمانكردنی هەردوو شاری قەڵادزێ و هەڵەبجە و راوەدوونان و گرتنی رۆشنبیران و قوتابیان و ئازادیخوازانی كورد.
هەر لەو كاتەدا هەزاران كەسیش لە تاكەكانی كۆمەڵ بۆ بەرگریكردن لە مافی نەتەوەكەیان، روویان لە شاخەكان كرد و چەكی پێشمەرگەیاتییان هەڵگرت. لەو كاتەدا لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی و نەریمان فوئاد مەستی و هەندێك لە هاوڕێكانی تریان، پێیان وابوو خەباتكردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵكو خەبات و تێكۆشان لە شارەكاندا و لە ناوجەرگەی دوژمندا پێویستییەكی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە، بۆیە روویان نەكردە شاخەكان و لە بەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات و تێكۆشان مانەوە.
لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەكان لە ساڵی 1974دا، دەزگا هەواڵگرییەكانی رژێمی بەعسی عێراق بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێریی یەك بەیەكی تاكەكانی كوردیان دەكرد، بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی 1974.04.28دا لەیلا قاسم و چوار لە هاوڕێكانی (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران)، لە ئەنجامی هەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزەكانی ئاسایش و سەربازی رژێم لە بەغدا گیران.
رۆژنامەی "سەورە"ی زمانحاڵی ریژێمی بەعسی دەسەڵاتدار و رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ناوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و هاوڕێكانی وەك تێكدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو كرد، بەڵام لەگەڵ هەموو ئازار و ئەشكەنجەیەكیشیان بچووكترین كردەوەشیان لەسەر ئاشكرا نەبوو.
لەیلا قاسم كچێكی چاونەترس و زیرەك بوو، لەڕووی وەڵامی پرسیارەكانی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی بەعسدا، بێ باكانە رای گەیاندبوو: بەكوشتنی من هەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم كە گیانم فیدای رێگەی رزگاری كوردستاندا دەكەم. هەموو ئازار و ئەشكەنجەیەك نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.
ڕژێمی بەعسی عێراق بەمەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی رۆشنبیری كورد، یەكسەر دوای گرتنیان، دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و هاوڕێكانی بەڕێوە برد و بڕیاری لە سێدارەدانیانی بۆ دەركرد. رژێمی عێراق لە زیندووبوونی ئەو پێنج لاوە كوردە زۆر دەترسا، بۆیە هێشتا دوو هەفتە بەسەر گرتنیان تێنەپەڕیبوو، لە سەعات حەوتی سەرلەبەیانی رۆژی 1974-05-12 لەیلا قاسم و هەر چوار هاوڕێكەی لە سێدارە دران.
سەلام قاسمی برای لەیلا قاسم، بەماوەیەك دوای لە سێدارەدانی لەیلا، هەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەكانەوە شەهید كرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە كە وێنەی لەیلای خوشكی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی كورد و ئەندامانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایك و باوكی لەیلا قاسمیش بەهۆی لەدەستدانی دوو رۆڵەیان، هەرزوو بەكۆست و خەمێكی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و كۆچی دواییان كردووە.