ڤاتیكان سوپاسی مەسروور بارزانی دەكات بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكان

:: PM:12:54:13/05/2026 ‌
باڵوێزی نوێی پاپا لە عێراق ڕای گەیاند، كوردستان لە دڵی قەداسەتی پاپادایە و سوپاسی سەرۆكی حكوومەت دەكات بۆ پەرەپێدانی كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسكی باڵوێزی نوێی پاپای ڤاتیكان لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا سەرۆكی حكوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەكاربوون، پشتیوانیی تەواوی حكوومەتی هەرێمی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی دووپات كردەوە.

لەلایەن خۆیەوە باڵوێزی پاپای ڤاتیكان، بە ناوی قەداسەتی پاپاوە سوپاس و پێزانینێكی تایبەتی ئاراستەی مەسروور بارزانی كرد، ئەمەش وەك ڕێزێك بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت لە پاراستنی مافەكانی كریستیان و گشت پێكهاتەكان، چەسپاندنی بنەماكانی بەیەكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان. باڵوێزی ڤاتیكان دووپاتی لەوەیش كردەوە كە كوردستان شوێنێكی تایبەتی لەلای قەداسەتی پاپا هەیە و هەمیشە نزای خێر و ئاشتی بۆ دەخوازێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵ كرا.



وشە - پێشەنگ مەحموود