سبەی دووەمین دادگایی لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ 11 گیراوی تر لە هاوڕێكانی بەڕێوە دەچێت، دادگاییەكە سەعات 10ـی بەیانییە و بڕیارە لەم دانیشتنەدا گوتە لە تۆمەتباران وەربگیرێ.
ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئایار، دانا تەقیەدین پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ـی راگەیاند، سبەی سەعات 10ـی بەیانی، دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی و 11 كەسی تر لە دادگای تاوانەكانی دووی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
زیاتر گوتی، بڕیارە لەم دانیشتنەدا گوتە لە تۆمەتباران وەربگیرێ.
دەشڵێت، لە هەفتەی رابردوودا بەهۆی زۆریی پەڕاوەكان و وردەكاریی دۆسیەكە، رێكارەكان تەواو نەكران و بۆ سبەی دواخرا، بۆیە سبەی درێژە بە دانیشتنەكە دەدرێت.
رۆژی 26ـی نیسان، كەیسی لاهوور شێخ جەنگی قۆناغی لێكۆڵینەوە تەواو بووە، بۆیە دادوەری دادگای ئاسایش رەوانەی دادگای تاوانەكانی دووی كردووە، دادگای تاوانەكانیش دەبێت وردبینی بكات و دوای تەواوبوونی وردبینییەكە، كەیسەكە لەوێ جێگیر دەبێت و دواتر كاتی دادبینی دیاری دەكرێت.
ماوەی هەشت مانگە لاهوور شێخ جەنگی و 19 كەس لە تیمەكەی لەلایەن هێزەكانی یەكێتـی گیراون.