ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئایاری 2026، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک کە دەست "وشە" کەوتوون، دەرکەوتووە کە مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و لە ناو کادران و دامەزراوەکانی ئاسایش، سەربازی و تەناهیدا، فۆڕمێکی بڵاو کردووەتەوە گوایە بۆ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و بڕاوانەیە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانە لە بنەڕەتدا هەر لەلایەن بەرپرسان و ئیدارەی یەکێتییەوە هێنراون و بە خەڵک فرۆشراون، بەڵام ئێستە دەیانەوێت بە ناوی "تۆماری ئەمنی"ـیەوە بڕێک پارەی تر لە خەڵک وەربگرن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕیندا.
بەرانبەر پڕکردنەوەی هەر فۆڕمێک، بڕی 100 هەزار دینار وەک سەرانە لە خەڵک وەردەگیرێت، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی کە ئەم کارە تەنیا بۆ کادرانی یەکێتییە و لە ڕێی مەڵبەند، سوپا و ئاسایشەوە دەکرێت، هەروەها هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە دواتر دەست بەسەر هەر ئۆتۆمبێلێکدا دەگرن کە کۆدی نەبێت.
لە لێدوانێکدا، سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ "وشە" روونی کردەوە کە ئەو هەوڵانە بەشێکی ترن لەو چەواشەکارییەی یەکێتی دەیکات بۆ خەڵەتاندنی خەڵک. دووپاتیشی کردەوە کە هیچ بڕیارێک لە وەزارەتی ناوخۆ نییە بۆ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە و تۆماریش ناکرێن، لەبەرئەوەی زۆرینەیان بڕاوە و بێ سەرەتان و هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە.
ئەو سەرچاوە باڵایەی وەزارەتی ناوخۆ زیاتر گوتی، تاکە شوێن کە دەسەڵاتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆیە بە فەرمان و لەبەر ڕۆشناییی رێنوێنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆیە نە ئاسایش و نە مەڵبەند ناتوانن ئۆتۆمبێل تۆمار بکەن.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی تری باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری ئەو کۆدکردن و سەرانەوەگرتنە نییە لە خەڵک بە ناوی کۆدەوە. ئەمە تەنیا سەرانە و پارە وەرگرتنە لە خەڵکی فەقیر و هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هیچ پارەیەک بۆ کۆدکردن نەدەن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئاسایش مەبەستێتی بۆ بواری ئەمنی ئەو ئۆتۆمبێلانە کۆد بکات، دەبێت بۆ هەموو هاووڵاتییانی بکات و بە خۆڕاییش بێت. ڕوونیشی کردەوە، هاووڵاتی ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەیشی کۆد بێت، ناتوانێت لەو شارەی لێیەتی بچێتە دەرەوە، ئەو کۆدکردنە لای پۆلیسی هاتوچۆ نەناسراوە و کاری پێ ناکرێت.