بزووتنەوەی سادقوون بەشداریكردنی لە حكوومەتەكەی عەلی زەیدیدا هەڵپەسارد

:: AM:09:37:14/05/2026 ‌
بزووتنەوەی سادقوون باڵی سیاسیی عەسائیب ئەهلی حەقی قەیس خەزعەلی، بەفەرمی بەشداریكردنی لە حكوومەتەكەی عەلی زەیدیدا هەڵپەسارد و مەرجی دۆسیەی چەكی گرووپەكانی بۆ كاتی دوای ڕاگەیاندنی كابینەكە دانا.

 نەعیم عەبوودی یاریدەدەری سیاسیی قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلعەهد)ی سەربە بزوتنەوەكە ڕای گەیاند، "سادقوون دوای تاوتوێی سنوورداركردنی چەك بەگوێرەی دیدگەی مەرجەعییەت، بەشداریی لە حكوومەتدا دەكات، بەڵام ئێستە بەشداریی ناكات".

گوتیشی، پشكی سادقوون لە حكوومەتەكەی زەیدیدا دوا دەخرێت، ئەمڕۆ پشكی سادقوون لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نادرێت.

ئەم قسانەی گرووپەكەی قەیس دوای ئەوە دێت كە ئەمەریكا مەرجی بۆ حكوومەتەكەی زەیدی ئەوەبوو، دەبێت هیچ یەك لەو گرووپانە بەشداریی حكوومەت نەكەن.

بزووتنەوەی سادقوون خاوەنی 28 كورسییە لە پەرلەمانی عێراق، بەشێكی زۆری گرووپە میلیشیاكان سەربە سادقوونن و پێگەیەكی زۆری لەناو خەڵكدا هەیە و راستەوخۆ سەربە ئێرانن .

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم عەلی زەیدی كابینە وەزارییەكەی پێشكەشی پەرلەمانی عێراق بكات و دەنگی لەسەر بدرێت. بەڵام پێشبینی دەكرێت نیوەی وەزارەتەكان دەنگیان لەسەر بدرێت و كابینەكە دەستبەكار بێت، دواتر بەهۆی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا ئەوانی تریش متمانەیان پێ بدرێت.

سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگادار بۆ شەفەق نیوز گوتووە، "پێداگریی هەندێك لە گرووپەكان لەسەر ڕەتكردنەوەی داماڵینی چەكەكانیان، لە پشت دواكەوتنی ڕاگەیاندنی كابینەی حكوومەتەوە بوو، بەڵام بەشێكیان ملیان بەداواكارییەكانی عەلی زەیدی داوە".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "لیژنەیەك كە لەلایەن زەیدییەوە بۆ تاوتوێی سنوورداركردنی چەك پێكهێنراوە، بەڵام هەندێك لایەن هێشتا مەرج دادەنێن لە بەرانبەر سنوورداركردن یان رادەستكردنی چەكەكانیان بەدەوڵەت.



وشە - سۆران عەزیز