هاتوچۆی هەڵەبجە دوای قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسكیل بڕیاری نوێی دا

:: AM:10:04:14/05/2026 ‌
هاتوچۆی هەڵەبجە ڕای دەگەیەنێت كە پلانی قەدەغەكردنی سەنتەری شار و شوێنە گشتییەكان لە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسكیل، زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت و بڕیارێكیش لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدا كە لە هاتوچۆ تۆمار كراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە ڕای گەیاند، بەپێی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ، بڕیارەكان بۆ قەدەغەی سنوورداركردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و شوێنە گشتییەكان، لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەكانەوە تا ئێستە پلانەكە زۆر سەركەوتووانە جێبەجێ دەكرێ، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێ ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسكیل داخلی ئەو ناوچانە ببن و بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێ و سزا دەدرێن.

لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە تۆمار كراون واتا (تابلۆی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆیان هەیە)، بۆ ماوەیەك لە شەقامە سەرەكییەكان دەمێننەوە، دەبنە هۆی تەسككردنەوەی شەقامەكان و شێواندنی سیمای شار و گرفتی هاتوچۆ دروست دەكەن، لەم حاڵەتەدا لەلایەن هاتوچۆوە سزا دەدرێن و ڕاستەوخۆ غەرامە دەكرێن.

هاتوچۆی هەڵەبجە "ئامۆژگاری” شۆفێران دەكات كە بۆ ئەوەی تووشی سزا و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكەیان نەبن، باشتر وایە ئۆتۆمبێلەكانیان لە گەراجەكان ڕابگرن، بەتایبەتیش ئەگەر بیانەوێت بۆ ماوەیەكی زۆر جێیان بهێڵن.

ئەوەشی خستەڕوو كە "ئامانجی ئەم بڕیارانە بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵی و جوانكردنی سیمای شار و دروستنەبوونی لۆدی هاتوچۆیە.



وشە - سۆران عەزیز