مەسروور بارزانی: هیوای سەركەوتن بۆ عەلی زەیدی دەخوازین

:: AM:11:40:14/05/2026 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی كردنەوەی بەرزترین پرد لەسەر ئاستی عێراق لە سۆران، وتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، هیوای سەركەوتن بۆ عەلی زەیدی دەخوازین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی كردنەوەی بەرزترین پرد رای گەیاند، دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەكەین بۆ كردنەوەی پڕۆژەیەكی تر كە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و ئێستە لە شاری سۆران دروست كراوە، ماوەیەكە پلانی بۆ داڕێژراوە و كاری تێدا دەكرێت، شكور بۆ خوا ئێستە بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەم پڕۆژەیە دەكەینەوە و دەیخەینە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی كوردستان، بەتایبەتی دانیشتووانی شاری سۆران و دەوروبەری.

زیاتر گوتی، لەو ماوەیەی رابردوودا بینیمان كە دۆخێكی زۆر نالەبار لە كوردستان و عێراق هەبوو، خەڵك زۆر قەلەق بوون لەوەی كە چی ڕوو دەدات؟ بەڵام ئەمانە هیچیان نەیانهێشت كە ئێمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانمان بوەستین، ژیان بەردەوام دەبێت لە هەموو ئان و ساتێكدا. بیرمە كاتی خۆیشی كە شەڕی داعش بوو، دیسان پڕۆژەكان هەر بەردەوام بوون. لە خۆشی و ناخۆشیدا ئێمە لە خزمەتكردن ناوەستین و هیوادارین بەردەوام بین لەوەی كە بتوانین باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین لە هەموو بوارەكاندا.

لە بەشێكی قسەكانی سەرۆكی حكوومەت رای گەیاند، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و شاری سۆران و دەوروبەری دەكەم بۆ ئەم پڕۆژە گرنگە، كە ئەمە قۆناغێكە و قۆناغەكانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە كە دووساید و بەیەكەوەبەستنی ڕێگەكانە. پڕۆژەی گەورەتریشمان لە بەردەستە بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی ئەم دەڤەرەی بكەین.

"دیسان دووپاتی دەكەمەوە كە ئەوەی منی زیاتر دڵخۆش كردووە ئەمەیە، توانای ناوخۆیی وایكردووە بتوانین پڕۆژەی وا جوان و ڕێكوپێك جێبەجێ بكەین لەسەر ئاستی كوردستان لە هەموو ناوچەكاندا"، سەرۆكی حكوومەت وای گوت.

ئاماژەی بەوەش كرد، بابەتێكی تر هەبوو حەزم دەكرد عەرزی ئێوەی بكەم، بەداخەوە لەم ماوەیەی رابردوو بینیمان كە هەندێك ڕووداوی نەخوازراو و ناخۆش ڕوویان دا، بەتایبەتی لەمدواییە ئۆتۆمبێلێك بە سێ سەرنشین، بە گەنج و منداڵەوە كەوتنە ناو ڕووبار و خنكان. ئەمە چەند حاڵەتێكە كە لەم دەڤەرە ڕوو دەدات و ئەمە جێی نیگەرانییە. بەڕاستی دڵمان دێشێ كە دەبینین كەسانێك ئازیزانی خۆیان لە دەست دەدەن. جێی خۆیەتی من دەستخۆشیی لە هێزەكانی بەرگریی شارستانی بكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ شەونخوونییان، بۆ بەدواداچوون و گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكان كە بەڕاستی زۆر خۆیان ماندوو كرد، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم، سەرخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەم. 

پەیامێكی ئاراستەی گەشیاران و هاووڵاتییان كرد و گوتی، داواش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە ڕێنوێنییەكان جێبەجێ بكەن، هەم ڕێنوێنیی هاتوچۆ و هەم ئەو ڕێنوێنییانەی كە پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكرێن لەوەی كە خۆیان بە دوور بگرن لەو ناوچانەی گونجاو نین بۆ سەیران یان دەچنە سەر لێواری ڕووبار كە جێی مەترسین. ئەمانە هەمووی بۆ سەلامەتی و تەندروستیی خۆتانە، داواكارم پابەندی ڕێنوێنییەكانی حكوومەت بن و دڵنیا بن كە حكوومەت هەموو ئاسانكارییەك دەكات بۆ ئەوەی ئێوە لە خۆشیدا بن و بەختەوەر بن.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ یەكەم هەنگاوی پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی لە بەغداش دەست پێ دەكات، ئێمە تەمەننای سەركەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەخوازین، هیوادارین سەركەوتوو بێت لە پێكهێنانی حكوومەتی خۆی، ئێمەش پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حكوومەتێكی فیدراڵ دروست بكرێ و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێن. بەشداریی ئێمە لە حكوومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە كە داكۆكیی لە هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان و مافەكانی خەڵكی عێراق و جێبەجێكردنی دەستوور بكەین وەك خۆی.

دەشڵێت، بەشداریی ئێمە بەشدارییەكی كارا دەبێت و هەوڵ دەدەین پێوەندییەكانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێكی بەرزدا بن. هیوادارم ئەمە ڕێخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی بتوانین لە هەرێمی كوردستانیش پەرلەمان كارا بكەینەوە، دواتر هەنگاوەكانی تریش دەست پێ بكەین بۆ پێكهێنانی حكوومەت و بكەوینەوە خزمەتی خەڵكی كوردستان جارێكی تر.



وشە - رامیار جەواد