دووبارە دانیشتنی دادگاییكردنی برازاكانی جەلال تاڵەبانی دواخرا، ئەندامێكی تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی وردەكاریی دانیشتەكە ئاشكرا دەكات و لەناو دادگادا گیراوان رایان گەیاند، ئەشكەنجەی زۆر دراون.
ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئایار، دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دادگایی هەبوو، دووبارە بە هۆكاری پەراوی زۆری دۆسیەكە، دانیشتنەكەی ئەمڕۆی برازاكانی جەلال تاڵەبانی دواخرا، دانیشتنەكە بە كراوەیی مایەوە و بەبێ دیاریكردنی هیچ وادەیەك.
زیاتر گوتی، لە دانیشتنەكەدا شایەتحاڵێك كە پێشمەرگەیەكی لالەزار بوو، سەرجەم تۆمەتەكانی پێچانەوەی چەكی ڕەت كردەوە و بە دادوەری راگەیاند، هیچ جۆرە چەكێكی نەپێچاوەتەوە.
ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهوور ئاماژەی بەوە دا، هیچ وتەیەك لە برازاكانی جەلال تاڵەبانی وەرنەگیرا، تەنیا پێشمەرگەكە وتەی لێ وەرگیرا.
هاوكات یەكێك لە ئامادەبووانی دادگا بە "وشە"ـی راگەیاند، پێشمەرگەكان رایان گەیاند كە ئەو پەڕاوەی لە پێش دادوەر، وتەكانی بەزۆر و لە ژێر ئەشكەنجە لێ وەرگیراوە و رەتی دەكاتەوە.