چەند بڕیارێك لە وەزارەتی ناوخۆوە

:: PM:04:24:14/05/2026 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكارەكانی ڕێگری و لابردنی زێدەڕۆیی توندتر دەكات.

وەزارەتەكە بڵاوی كردووەتەوە، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێكارەكانی ڕێگری و لابردنی سەرپێچی زێدەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی دەوڵەت و سەرچاوە و سامانە سروشتییەكان توند كران و بۆ ئاستی ناحییەكان شۆڕ كرانەوە.

بە گوێرەی فەرمانێكی وزاری، دوا بەدوای گشتاندنی ژمارە (١٣٧٨٨ لە ١٢-٥-٢٠٢٦) و بۆ چالاكتركردنی هەوڵەكانی ڕێگریكردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی دەوڵەت، دارستان و پاوان، حەرەمی شەقام و بەنداو و پۆند و چەم و رووبارەكان،  دوای كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان، نوێنەرانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، بە پشت بەستن بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩ بڕیاردرا بە پێكهێنانی لێژنەی ڕێگریكردن و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی، هاوشێوەی لێژنەی هەولێر، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی تر و راستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە پارێزگار/ سەرپەرشتیار.

بڕیارەكان بەم جۆرەی خوارەوەیە:
یەكەم: لێژنە پێك دێت بە سەرۆكایەتی ئەفسەرێكی چالاك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئەندامێتی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆ، نوێنەری وەزارەتی شارەوانی، نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، و نوێنەری هەر دەزگایەكی دیكە لە سنووری پارێزگا/ ئیدارەی سەربەخۆ كە بە پێویستی دەزانرێت.

دووەم: پێكهێنانی لێژنەی لاوەكی لە دەرەوەی سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی لە قائیمقامیەت و ناحیەكان بە سەرۆكایەتی ئەفسەرێكی پۆلیسی دارستان و ژینگە، و ئەندامێتی  نوێنەری ئاسایش، نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، یەكێك لە موختاری سنوور. راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە قائیمقام یان بەڕێوەبەری ناحیە.

سێیەم: پێدانی دەسەڵاتی تەواوی بەدواداچوون و ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەك كە لە یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨، یاسای ڕێگری لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەوی و زار و موڵكی دەوڵەت لە هەرێمی كوردستان و یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی دیكە وەكو زێدەڕۆیی پێناسەكراوە.

چوارەم: كەسی زێدەڕۆكار ئاگادار دەكرێتەوە بە ڕاگرتنی زێدەڕۆییەكە و لابردنی لە ماوەی (٢٤) كاتژمێر. ئەگەر سەرپێچی و زێدەڕۆییەكەی ڕانەگرت و لا نەبرد، دەستبەجێ كەیسی یاسایی لەسەر دەكرێتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر دەكرێت و ئاماژە بە ماددەی (١٤)/ یەكەم لە یاسای ئاماژەبۆكراو لە بڕگەی دووەم، نابێت زێدەڕۆكار لە هەردوو قۆناغی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی یان دادگایی كردن، ئازاد بكرێت تا زێدەڕۆییەكە لا دەبات. لێژنە و خانەوادەی زێدەڕۆكار، زێدەڕۆكە لەسەر خەرجی زێدەڕۆكار لادەبات بە پێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی ١١ی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨.

پێنجەم: پارێزگار و سەرپەرشتیار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان بەرپرسن لە پێكهێنان و بەدواداچوونی كارەكانی ئەو لێژنانە و جێبەجێكردنی ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەر سەرپێچیكار و زێدەڕۆكاران لە رێی ئەو لێژنانەی لەم فەرمانە هاتوون.

شەشەم: هەر كەسێك لە یەكە ئیداری و فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەت كەمتەرخەمی، ئاسانكاری یان چاوپۆشی بكات لە زێدەڕۆیی، بە پێی یاسا و ڕێسا بەركارەكان ڕێكاری توندی بەرامبەر وەردەگیرێت.
 



وشە - وشه‌