نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا پێشوازی لە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی تاوانبار عەجاج تكریتی دەكات.
لە پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە، پێشوازی لە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی تاوانبار عەجاج تكریتی، جەلادەكەی نوگرەسەلمان دەكەم. ئەم بڕیارە سەركەوتن و جێبەجێبوونی دادپەروەری و لانی كەمی دڵدانەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوانە. دەستخۆشی لە دادوەران، پارێزەران، شایەتحاڵە بوێرەكان و هەموو ئەوانە دەكەم كە هاوكار بوون لە گەیاندنی تاوانبار بە سزای یاسایی.
"سزادانی ئەم تاوانبارە دوای چەندان ساڵ، پەیامێكی ڕوونە كە تاوانەكانی جینۆساید و دژی مرۆڤایەتی، دەرهەق بە گەلی كوردستان، هەرگیز كۆن نابن و دەستی دادپەروەری هەر دەگاتە تاوانباران. ئەمڕۆ جارێكی تر سەلمێنرا كە ئیرادەی ماف و ژیان، لە هەموو ستەم و دڕندەیییەك بەهێزترە" لە پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی وا نووسراوە.
هەروەها دووپات دەكاتەوە، پێویستە حكوومەتی عێراقی فیدراڵی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و قەرەبووی مادی و مەعنەویی قوربانییانی ئەنفال بكاتەوە، كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بە جینۆساید ناساندوویەتی.