عەزیز ڕەئووف: ئەوەی لە سلێمانی دەکرێت کۆی مەملەکەتێک لە مەردایەتی دەخات

:: PM:01:32:15/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، عەزیز ڕەئووف نووسەر و ڕۆشنبیر لە سلێمانی، لە نووسینێکدا ئاماژە بە ئەشکەنجەدانی یەکێک لە شایەتحاڵەکانی دۆسیەی لاهوور جەنگی دەکات کە بە دادوەری دۆسیەکەی گوتووە، جەنابی حاكم، من ئەشكەنجەی زۆر دراوم، سەرم پێنج تەقەڵی پێوەیە، پشتم چەقۆی پێوەیە، دەم و دانم شكێندراوە، دەمەوێت ئەوەشتان پێ بڵێم هێندە ئەشكەنجە دراوم، پیاوەتیم لەدەست داوە.

عەزیز ڕەئووف دەنووسێت، هەبوو نەبوو سەردەمێک لەو گەرمیانە حەمەڕەشێک هەبوو، پێشمەرگەیەکی ئازا و جەربەزە، پڵنگێکی ڕەش و چاونەترس، شێرکۆ بێکەس سوێندی بە سەری دەخوارد. حەمەڕەشێک بەگژ جەلادەکاندا چووەوە، بەڵام ئێستە حزبەکەی شەهید حەمەڕەش، دەبێتە جەللاد و گەنجێکی دوای ڕاپەڕین لە زیندانی ئاسایشدا فەلاقە دەکات و لە پیاوەتیی دەخات.

ئەو نووسەرەی سلێمانی، لە درێژەی بابەتەکەیدا بەردەوام دەبێت لە تانەدان لە سیاسەتی یەکێتی و دەڵێت، سەردەمێک حەمەڕەشەکەی گەرمیان شەڕی جەللادەکانی دەکرد، بەڵام دواجار هاوڕێیانی حەمەڕەش لە حزبەکەی، دەبنە جەللادێکی بێوێنە و هەموو کەرەستەیەکی مۆدێرن لە زیندانی ئاسایشدا دژ بە گەنجانی هاوخوێن و هاوشاری خۆیان بەکار دەهێنن و گەنجێک بە ناوی حەمەڕەش فەلاقە دەکەن.

هەروەها دەسەڵاتدارانی سلێمانی بە عەجاج تکریتی دەچووێنێت و دەنووسێت، لە باشووری عێراق بەدوای عەجاجدا مەگەڕێن، عەجاج زۆر نزیکە، ئەوەتا لە ناو ئاسایشدا، ئەوەتا مۆڵەتی وەرگرتووە و لە چایخانەیەکە، ڕەنگە لە سەیران بێت و لەگەڵ خزمەکانی هەڵپەڕێت و گوێ لە گۆرانیی ڕۆمانسی بگرێت. ڕەنگە برا و خزم و ئامۆزات بێت و پێی نەزانی. عەجاج بە خۆی و قامچی و دڵڕەقی و بێبەزەییەوە لێرەیە.

ئەو نووسەرە دووپاتی دەکاتەوە کە، ئەوەی لە ناو ئاسایشدا بەرانبەر حەمەڕەش کرا، بێ ئەوەی هەست بە خۆمان بکەین بەرانبەر هەموومان کراوە. ئەوە حەمەڕەش نییە لە پیاوەتی دەخرێت، ئەوە کۆی مەملەکەتێکە لە پیاوەتی و مەردایەتی دەخرێت. ئێستە کارخانەیەک هەیە بۆ بێدەنگکردن و سەرکزکردن و لەپیاوەتیخستن و لەمرۆڤخستنی مرۆڤی کورد هەر بەدەست دەسەڵات و حزب و مەخلووقی کورد.

لە کۆتایی نووسینەکەیدا ڕەخنە لە بێدەنگیی ئەو حزبانە دەگرێت کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن و دەڵێت، ئەوە حەمەڕەش نەبوو لە زیندانی ئاسایش لە پیاوەتی خرا، ئەوە کۆی شارێک بوو لە مەردایەتی خرا. ئەوە کۆی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ساختە بوو لە ئازایەتی خران. ئەوە کردەیەک بوو شاری سلێمانیی لە شاری ڕۆشنبیرییەوە گۆڕی بۆ شاری بێدەنگی و سەرکزکردن و ڕازیبوون بە لەپیاوەتیخستن.


وشە - پۆڵا مەحموود