پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ، كۆتایی بە كاركردنی سیاسی و ڕێكخراوەیی خۆی لە ناوخۆی جووڵانەوەكە هێنا و بەفەرمی وازهێنانی لە ئەندامێتیی حزبەكە ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئایار، مۆفەق حوسێن پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ و ئەندامی كارای ئەو حزبە لە بەیاننامەیەكدا رای دەگەیەنێت، دوای ماوەیەك لە كاركردن و هەوڵدان لە ڕیزەكانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و بەرگریكردن بێ درێغی لە پرەنسیپ و باوەڕەكانی، بڕیارم داوە لەم قۆناغەدا وێستگەی كاركردنی سیاسی و ڕێكخراوەیی ڕابگرم.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەی بۆ چەند پاڵنەرێكی تایبەتی و "گۆڕانی دیدگەی" بۆ قۆناغی داهاتوو گەڕاندووەتەوە و ئاشكرای كردووە، ئەم بڕیارەی دوای بیركردنەوەیەكی قووڵ و ورد داوە.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەیدا، مۆفەق حوسێن پێزانینی بۆ تەواوی ئەو هاوكار و هاوڕێیانە دەربڕیوە، كە لە ماوەی كاركردنی هاوبەشیاندا پاڵپشتی بوون و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستوون.