لە بەیانی ئەمڕۆوە میدیاكانی یەكێتی سەرقاڵی دروستكردنی درۆیەكی شاخدارن و دەیانەوێ ئەوە بسەلمێنن هەشتی حەسارۆك هیچی بۆ نەكراوە، بەڵام بێ ئاگانە لەوەی جووتسایدی هەشتی حەسارۆك دوو ساڵە خەڵك هاتوچۆی پێدا دەكات و ئێستە بڕیاری راكێشانی كارەبایشی بۆ دەرچووە.
ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئایار، مەجید خۆشناو خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتن لە هەشتی حەسارۆك، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەشتی حەسارۆك ئێستە سەرجەم زۆنەكانی لێك جیا كراونەتەوە، ئاستەكانیش دیاری كراون بۆ خانوو كە چەند پڕ دەكرێتەوە و چەند نزم دەكرێتەوە.
زیاتر گوتی، ئێستە سەرجەم كۆڵانەكانی چەوڕێژ كراون، هاوكات جووتسایدی هەشتی حەسارۆك ئێستە بووەتە جێگەی دڵخۆشی خەڵك و هاتوچۆی بەسەردا دەكرێت، پێشتریش تاكە كێشەی ئەو شوێنە فراوانەی هەولێر ئاو بوو، كابینەی نۆ ئەو كێشەیەشی چارەسەر كرد و ئێستە ئاوی پێویست هەیە و كەس كێشەی ئاوی نییە.
روونی كردەوە، دوای ئەو خزمەتگوزارییانە، ئێستە ئەو گەڕەكە ئاوەدان بووەتەوە، لە هەمان كاتدا هەفتەیەك پێش ئێستە بڕیاری دامەزراندنی وێستگەیەكی كارەبا بۆ ئەو گەڕەكە دراوە، بۆیە ئێستە زەوی لەو شوێنە لەگەڵ سێ ساڵ پێش ئێستە 100% گران بووە.
پێشتر كارزان هادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر لەمبارەیەوە بۆ "وشە" گوتی، "سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی هەمیشە لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی كێشەی هاووڵاتییان چارەسەر بكرێت، بەتایبەت كێشەی گەڕەكی هەشتی حەسارۆك كە كۆمەڵێك كێشەی كەڵەكە بوون، بەڵام بەهۆی رژدیی سەرۆك وەزیرانەوە، توانرا زۆربەی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئەوەشی گوت، سەرۆكی حكوومەت خۆی سەردانی گەڕەكەكەی كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گوێ لە گیروگرفتەكانی هاووڵاتییان بگرێ و چارەسەریان بكات، بۆیە ڕێنوێنیی تایبەت دەرچوو بۆ ڕێپێدانی خانووی نیشتەجێبوون بەشێوەی دابەش دوو.
لە ساڵی 2024دا هاووڵاتییان لە گەڕەكی هەشتی حەسارۆك خاوەن زەوین، بۆ وەرگرتنی ڕێپێدانی دروستكردنی خانوو، دەتوانن سەردانی شارەوانیی چوار بكەن، زەوییەكان تەنیا دابەشی دوو دەكرێن نەك زیاتر، ئەمەیش ئەو گەڕەكەی ئاوەدان كردەوە.
كێشەی گەڕەكی هەشتی حەسارۆكی هەولێر ماوەی چەندان ساڵ بوو بێ چارەسەر مابووەوە، لە سەرەتای كابینەی نۆدا سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا بەتەواوی ئەو كێشەیە بەجۆرێك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان كۆتایی پێ بهێنرێت.
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی هەشتی حەسارۆكی كرد و بڕیاری دا خزمەتگوزاری بگەیەنرێتە ئەو گەڕەكە، دواتر بە چەند قۆناغێك دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری كرا.