عەزیز رەئووف نووسەری دیاری كوردستان، لە وتارێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دكات كە كێ دژی سلێمانییە و بەرگریی لێ دەكات، وەڵام ئەو كەسانە دەداتەوە كە ئێستە كەوتوونەتە تانە و هێرشی دەكەنە سەر، لەبەرئەوەی پێشتر وتارێكی لەبارەی حەمەڕەش / ئەو لایەنگرەی لاهوور كە لە زیندانی یەكێتی وەك خۆی گوتی لە پیاوەتی خراوە/ نووسیبوو.
عەزیز رەئووف نووسیویەتی، بەڵێ سلێمانی ئەتك كرا، من لە نووسینێكدا وام نووسی. ئەم گوزارشتە بۆ خەڵكی سلێمانی نییە، بەڵكو بۆ ئەو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و چالاك و پاتاڵانەیە كە بە دەنگی سلێمانی بوون بە خاوەنی سەروەت و سامان، ئێستەش ڕەخنە لە من دەگرن كە گوایە هێرش دەكەمە سەر سلێمانی.
"من لە ناو دڵی سلێمانیدام و ئەم شارەم جێنەهێشتووە و بەتەماش نیم جیێبهێڵم، بەردەوام بەرگری لە سلێمانی و كۆی شارەكانی تری كوردستان دەكەم، بەڵام با قسەیەك بكەین و بزانین كێ شاری ئەتك كرد"، نووسەر وا دەڵێ.
هەروەها دەڵێ، ئەوانەی سلێمانییان ئەتك كرد ئەمانە بوون، یەكێتیی نوێ و كوڕانی بنەماڵە، كە سەرخان و ژێرخانی ئەم شارەیان داگیر كردووە و شار دەكەنە سەربازگە و سزای زیندانییەكان دەدەن.
"گۆڕان و نەوشیروان مستەفا كە دوای خۆی، سەتان دۆنم زەوی و كارگەی بۆ منداڵەكانی جێهێشت و هیچی لە دنیا نەگۆڕی، نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید كە فێڵیان لە خەڵك كرد و خۆیان كردەوە بە ماڵە نوێیەكەی یەكێتیدا، ئەو ئۆپۆزسیۆنە ساختەیەی بە ئاشكرا جاشی شیعەكانە و لە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێم ورتەیان لێوە نەهات"، عەزیز رەئووف وا دەڵێ.
رەخنەكانی درێژ دەكاتەوە و دەڵێ، ئەو حزبە ئیسلامییانەی كە شار وەك یەك پارچە لە ژن و پارە دەبینن، هەریەكەیان ئەجێندای وڵاتێكن. پارێزگاری سلێمانی كە 250 هەزار دەنگی خەڵكی سلێمانیی برد، ئێستەش ستایشی یەكێتی دەكات، ئەوان شاریان ئەتك كرد.
هەروەها باسی لەوە كردووە، ئەو قومارچی و موزیعانەی كە بە نەڕەنەڕ، دەیانگوت دەیگۆڕین و بوونە پەرلەمانتار، لە قومارخانەكان كەرامەت و ژنی خۆیان لە قوماردا دەدۆڕان، ئێستە لە دەرەوەی وڵات پارەی خانەنشینیی پەرلەمان دەخۆن و دەیانەوێ لەسەر سلێمانی مافی پەنابەری وەربگرن.
لە كۆتاییشدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، "بەڵێ ئەم شارە بێدەنگە و دۆش داماوە بەدەست ئەم هەموو ساختەچییەوە، ئەم شارە دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە و چیتر نەبێتە زیندەوەری تاقیگە، هەركەسێك بێت و بەناوی ئۆپۆزسیۆن و چاودێر و ڕۆشنبیر و تەماحی پەرلەمانتارییەوە فێڵی لێ بكات.