خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەتوانن بەبێ‌ پێدانی رسوومات ئۆتۆمبێل هاوردە بكەن

:: AM:10:59:17/05/2026 ‌
بەپێی ڕێنوێنییەكان، كەمئەندامان دەتوانن ئۆتۆمبێل هاوردە بكەن بەبێ هیچ ڕسووماتێكی گومرگی و لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت لە كاتی تۆماركردندا. ئەندامێكی كۆمەڵەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەڵێت، بەو رێنوێنییە سوودمەند بوون.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئایار، محەمەد خۆشناو ئەندامی كۆمەڵەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە 14ـی ساڵی 2025ـی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرژەوەندیی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و لە مادەی (7)، (لێخۆشبوون و هەڵاوێرەكان) سەرجەمیان تایبەتن بە كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت.

دەشڵێت، بەپێی ڕێنوێنییەكە، كەمئەندام دەتوانێت ئۆتۆمبێلی چوار پستۆن و (مینی ڤان) هاوردە بكەن، بەبێ هیچ ڕسووماتێكی گومرگی لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت لە كاتی تۆماركردندا، دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ، كەمئەندام یان خاوەن پێداویستیی تایبەت دەتوانێ ئەو ئۆتۆمبێلە بفرۆشێتەوە و ئۆتۆمبێلێكی تر هاوردە بكات، بەبێ لێخۆشبوون ڕسوومات و گومرگ تۆمار بكات، لە كاتی گیان لەدەستدانی كەمئەندام، میراتگرانی دەتوانن ئۆتۆمبێلەكە بفرۆشن بەبێ هیچ ڕسووماتێكی گومرگی و تۆماركردن.

باسی لەوەش كرد، بەپێی ڕێنوێنییەكە كەمئەندام یان خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەوانەن كە بەڕاپۆرتی پزیشكی و ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی، ڕێژەكانیان دیاری كراوە كە پاڵپشت بە ڕێنوێنیی ژمارە (22)ی ساڵی 2016 تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، ڕێژەكان بەو جۆرەی خوارەوە لەگەڵ جۆری نەخۆشییەكانیان دیاری كراون.

1-  جەستەیی بزوێنی %55
2-  نابینایان %65
3-  نابیستان %70
4-  بیركۆڵ %65
5-  داون %80
6-  تالاسیمیا %60
7-  هیمۆفیلیا %60
8- ئۆتیزم %80
9-  شیزۆفرینیای توند %60
10-  ئیفلیجی مێشك %80


وشە - رامیار جەواد