یەكێتیی مامۆستایان سكاڵا تۆمار دەكات

:: AM:11:28:17/05/2026 ‌
گرتە ڤیدیۆیەك بڵاو بووەتەوە و تیكتۆكچییەك گاڵتە بە مامۆستایان دەكات، یەكێـتیی مامۆستایانیش سكاڵای لەسەر تۆمار دەكات و دەیداتە دادگا.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئایار، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی كە تێیدا كەسێك گاڵتە بە ناوی مامۆستا و پیشەی مامۆستا دەكات، ئێمە سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین.

زیاتر گوتی، وەك یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین و سكاڵا لە دژی ئەو پەیجانەش تۆمار دەكەین كە ئەم گرتە ڤیدیۆیە بڵاو بكەنەوە.

دەشڵێت، بڵاوكردنەوەی هەر گرتە ڤیدیۆ و بابەتێك كە تێیدا سووكایەتی و بێڕیزی بێت بەرانبەر ناوی مامۆستا، جێگەی قبووڵ نییە و داوا لە سەرجەم پەیج و ماڵپەڕەكان دەكەین، خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە ڤیدیۆ و بابەتانە كە تانە و تەشهیر بكات بەناو و پێگەی مامۆستا.


وشە - رامیار جەواد