بەری گەل داوا دەكات لیژنەیەكی پزیشكی بچێتە گرتووخانەی ئاسایش، بەڵگەی تەواو هەبێت لەسەر ئەو ئەشكەنجەیەی لەلایەن چەكدارانی یەكێتی بەرانبەر گیراوان ئەنجام دراوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئایار، سابیر عەبدولڕەحمان ئەندامی سەركردایەتیی بەرەی گەل، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بۆ دۆخی گیراوان داوامان كردووە چ لە رێگەی وەزارەتی تەندروستی بێت یان وەزارەتی ناوخۆ، سەرجەم ئەو راپۆرتانەی لە بەردەستدان پشتڕاست بكرێنەوە و دۆسیەكە بە فەرمی بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس، بۆیە ئێستە چاوەڕێی پێكهێنانی لیژنەیەكی پزیشكیی تایبەتمەند دەكەن بۆ پشتڕاستكردنەوەی راپۆرتەكان، تا دواتر بە وردی بڵاو بكرێنەوە و وەك دۆكیۆمێنت ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێن.
زیاتر گوتی، دەستەی مافی مرۆڤ و داواكاری گشتیی لەسەر هێڵن، بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەستەكە دەست بە رێكارەكانی پێكهێنانی لیژنەی بەدواداچوون بكات، چونكە دۆسیەكە هی ئەوە نییە لەوە زیاتر دوا بكەوێت و پێویستی بە كاركردنی خێرا هەیە.
باسی لەوەش كرد، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، وێنەی هەرێمەكە لای كونسوڵگەكان و وڵاتانی دنیا تێكدەدات و بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە بە پەلە داوامان كردووە لەسەر دۆسیەی (حەمەڕەش) بێنە دەنگ.
ئاماژەی بەوەش دا، پێشتر لە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان گردبوونەوەمان كردووە و كونسوڵگەكان، پارێزەران و سەرۆكایەتیی هەرێمیشمان لە بابەتەكە ئاگادار كردووەتەوە.