بۆ دەستپێكردنی بەشێكی نوێی شەقامی 150 مەتری چاوەڕوانی بڕیارن

:: PM:01:02:17/05/2026 ‌
هاووڵاتییان چاوەڕوانن بەشێكی نوێی شەقامی 150 مەتریی هەولێر كاری تێدا بكرێت، بەرپرسێك كە كۆمپانیای جێبەجێكارە دەڵێت، چاوەڕوانین پارەمان بۆ خەرج بكرێت تا دەست پێ‌ بكەینەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئایار، ئەمیر ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕێگەوبان لە كۆمپانیای هێمن گرووپ، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی بەشێك یان تەواوی شەقامی 150 مەتریی هەولێر، ئێمە ئامادەییمان تێدا هەیە.

زیاتر گوتی، ئێمە چاوەڕوانین پارەمان بۆ خەرج بكرێت و دەست پێ‌ بكەین، چونكە پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە پێویستی بە بودجە هەیە.

باسی لەوەش كرد، هیچ بەشێكمان دیاری نەكردووە كە كامەی دەست پێ‌ بكەین، بەڵام هەركاتێك وەزارەتی شارەوانی دیاری كرد كە هەموو پڕۆژەكە بوو یان بەشێكی بوو، ئێمە ئامادەین و وەك هەمیشە بە ماوەیەكی دیاریكراو تەواوی دەكەین.

شەقامی 150 مەتری، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێت كە درێژییەكەی 70 كیلۆمەترە، شەقامەكە بەشێوەیەكی بازنەیی خێرا كە هیچ وەستانێكی تێدا نییە، باوەش بە هەولێردا دەكات و بە دەیان شەقامیش لەگەڵ ڕێگەی سەرەكیی دەروازەكانی شاری هەولێر بەستراوەتەوە، ئەمەش درێژەپێدەری ئەو تۆڕە ڕێگەوبانە جاڵجاڵۆكەییەیە كە بووەتە بەشێك لە ناسنامەی نەخشەی هەولێر.

كۆی پڕۆژەكە بەسەر پێنج قۆناغ دابەش بووە. قۆناغی یەكەم كە زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە تەواو بووە.



وشە - رامیار جەواد