تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و ئەوانەی لەگەڵی گیراون، بانگەواز بۆ دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێكردن و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان دەكەن و رای دەگەیەنن، حەمەڕەش، نۆ مانگە لە پشت دیوارە تاریكەكانەوە دەستبەسەرە، بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو دڕندەیی و ڕەفتارە فاشیستییانەی بەرانبەر بریكارەكەمان ئەنجام دراوە.
تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە بانگەوازێكدا رایان گەیاند، وەك تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵانی، بەفەرمی لەو دۆزەخە ئاگەدارتان دەكەینەوە كە بۆ پێشمەرگەی لاهوور شێخ جەنگی؛ حەمەڕەش دروست كراوە.
"حەمەڕەش، نۆ مانگە لە پشت دیوارە تاریكەكانەوە دەستبەسەرە، بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو دڕندەیی و ڕەفتارە فاشیستییانەی بەرانبەر بریكارەكەمان ئەنجام دراوە و ئەوەی بەرانبەر بەم مرۆڤە كراوە، تەنیا لێدان نییە لە تۆمەتبارێك، بەڵكو سڕینەوەی كەرامەت و شكۆی مرۆڤە لەژێر سایەی یاسادا". تیمەكە وایان نووسیوە.
ئەوان دەڵێن، بە شێوازێكی نامرۆڤانە و لە لووتكەی دڕندەییدا، هێرش كراوەتە سەری و بە زمانی خۆی دەڵێ لە پیاوەتی خراوم؛ ئەمە تاوانێكە نەك هەر یاسا، بەڵكو عورف، ئاین و ویژدانی مرۆڤایەتیش لێی بەرییە و دەبێت تەواوی كۆمەڵگە ڕاچڵەكێ و ڕاپەڕێت.
داوایش دەكەن كە ناسنامەی ئەو كەسانە ئاشكرا بكرێ كە ئەشكەنجەیان داوە و بە تونترین شێواز سزا بدرێن، ئەگەر ئەم تاوانە بەبێ سزا تێپەڕێت، هیچ كەسێك پارێزراو نابێت، وەك تیمی پارێزەران تا دوا هەناسە بە شێوازی مەدەنی و یاسایی لەسەر ئەم كەیسە بەردەوام دەبین.
دووپات لەوە دەكەنەوە كە "هەر لە سەرەتایی دانیشتنەكەی دادگا لە 14ی ئایارى 2026، پێمان وابوو دوای بیستنی ئەو ئەشكەنجانە بەگوێرەی یاسا دادگا راستەوخۆ حەمەڕەش رەوانەی لیژنەی تەندروستی دەكات، بەڵام دادوەر گوتەی لێوەرگرت، ئێستە و لەبەر سەلامەتی گیانی بە پێویستی دەزانین حەمەڕەش لە زیندانی ئاسایشەوە بگوازرێتەوە بۆ گرتن و گواستنەوە، لای پۆلیس".
بەپێی دەستووری عێراق مادەی 37 و یاسای بنەماكانی دادگاییكردنی سزایی مادەی 127، و ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی (CAT)؛ هەر ددانپێدانان یان شایەتیدانێك لەژێر ئەشكەنجە و فشاردا وەرگیرابێت، هیچ بەهایەكی یاسایی نییە و دادگا ناتوانێت پشتی پێ ببەستێت.
لای خۆیەوە دانا تەقێدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ی گوت، بەپێی مادەی 333ی یاسای سزادانی عێراقی، ئەگەر ئەشكەنجەدانەكە ببێتە هۆی كەمئەندامبوونی هەمیشەیی یان لەدەستدانی كۆئەندامی نێرینە، دەبێت ئەو ئەفسەر یان لێكۆڵەرەی كە ئەشكەنجەكەی كردووە، بە توندترین سزای تاوانكاری سزا بدرێت.
روونیشی كردەوە كە بە هەموو جۆرێك دەبێت حەمەڕەش قەربوو بكرێتەوە، چونكە ئەوەی بەرانبەر ئەو كراوە پێچەوانەی یاسایە.