فەرمانی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست دەردەچێت

:: AM:09:24:18/05/2026 ‌
دوای ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بەوەی فەرمانبەرانی گرێبەستیش زەوییان پێ‌ بدرێت، ئێستە ئامادەكاری دەستی پێ‌ كردووە لە مانگی داهاتوو كاروبارەكان دەكەوێتە سەر رێچگەی خۆی.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئایار، تەیب رەسووڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای فەرمانەكەی سەرۆكی حكوومەت، چاوەڕوانین وەزارەتی شارەوانی فۆرم بۆ وەزارەتەكان بنێرێت.

زیاتر گوتی، ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان كردووە، مانگی داهاتوو نووسراو و بڕیاری شارەوانی دەگاتە  فەرمانگەكان، بەمەیش ئێمەیش هاوشێوەی فەرمانبەرانی تر سوودمەند دەبین.

باسی لەوەش كرد، ئەوەی ئێمە پرسیومانە دوای گەڕانەوەی فۆرمەكە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی لە هەمان شوێن كە زەویی تێدا دابەش كراوە بەسەر ئێمەیش دابەش دەكرێت.

روونی كردەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست زۆر نییە كە زەوی وەردەگرن، كۆی گشتییان نزیكەی 18 بۆ 19 هەزار دەبێت، چونكە بەشێكیان هەشت ساڵەكەی تەواو نەكردووە و بەشێكیشیان هاوسەری سوودمەند بووە.

27ی ئایاری ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون. بەپێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر فەرمانبەرێك بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان كارتی زانیاری، 200 مەتر زەوی وەردەگرێت.


وشە - رامیار جەواد