لەم هەفتەیەدا دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران دەست پێ دەكات و وەجبەی یەكەمیش كە زەوی ئاشۆكانە، ئێستە لەسەر شارەوانی تاپۆ كراوە.
ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئایار، كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، تا ئێستە بە شەش قۆناغ 38 هەزار و 400 فەرمانبەر لە كۆی 82 هەزار زەوییان وەرگرتووە.
زیاتر گوتی، بەپێی ماستەرپلانی شاری هەولێر، هەموار كراوەتەوە كە زەوی دابەش دەكرێت و ئەو زەوییانەش كە حەوت هەزارە، لە هەمان شوێن دابەش دەكرێن.
سەرۆكی شارەوانی دڵنیایی دا لە تاپۆكردنی زەویی فەرمانبەران و رای گەیاند، ئێستە زەویی ئاشۆكان لەسەر ناوی شارەوانی تاپۆ كراوە و بەمنزیكانە وردەكاریی تەواوەتی دەستی پێ كردووە، زەویش بۆ خاوەن زەوییەكان وەك قەرەبوو دیاری كراوە و سەرجەم فەرمانبەران دوای دەوامیش كار دەكەن كە جێی دڵخۆشییە.
باسی لەوەش كرد، بەهیواین لەم هەفتەیەدا ئەو حەوت هەزارەی زەوی هەیە، دەست بە دابەشكردنیان بكرێ و تیروپشك بكرێت.
27ی ئایاری ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون. بەپێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر فەرمانبەرێك بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان كارتی زانیاری، 200 مەتر زەوی وەردەگرێت.