سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیكان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی كولتووری لێبوردەیی، پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردنی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد.
ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەلایەن قەداسەتی پاپا لیۆی چواردە پاپای ڤاتیكانەوە پێشوازیی لێ كرا، دواتر كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە سەر دۆخی پێكهاتەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان. دووپاتی كردەوە كە مەسیحییەكان و سەرجەم پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان، بەشێكی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، كولتوور و ناسنامەی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان و پێكەوە داهاتووی وڵات دادەڕێژن.
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی هەرێمی كوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژوویی ڤاتیكان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێكەوەژیان لە جیهاندا دەربڕی، هەروەها وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژووییەكەی پاپا فرانسیسی كۆچكردوو، بانگهێشتنامەیەكی فەرمیی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردە كرد بۆ سەردانیكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی كولتووری لێبوردەیی، پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردنی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد. هەروەها ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینكردنی ژیانێكی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەكان لە قۆناغە سەختەكاندا بەرز نرخاند.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەكە تاوتوێ كرا و هەردوولا هیوایان خواست كە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.