ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، ئەگەر لایەنەكان نەگەنە ڕێككەوتن، ئەگەری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە ئارادایە.
چنار سەعد عەبدوڵا لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی یەكگرتووی ئیسلامی رای گەیاند، ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی كردنەوەی گرێكوێرەكان و زەوینە خۆش دەكات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
چنار سەعد عەبدوڵا ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر دەستپێشخەرییەكان هیچ ئەنجامێكیان نەبوو و لایەنەكان گەیشتنە بنبەست، ڕەنگە یەكێك لە بژاردەكان دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بێت.
لەبارەی هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی، نەوەی نوێ و گۆڕان، هەروەها گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی گوتی، ئەگەر گفتوگۆكان بگەنە ئاستێك كە هەموو لایەنەكان لەبارەی تەواوی پرۆسەكەوە ڕێكبكەوین، ئەوا بابەتی ژمارەی كورسییەكان نابێتە كێشەی سەرەكی و بەربەست لە بەردەم ڕێككەوتنەكە.