نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە

:: PM:03:02:18/05/2026 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ڤاتیكان، بارودۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق و دۆخی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان تاوتوێ كران.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئایار، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ ڤاتیكان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ڤاتیكان، بارودۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق و دۆخی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان تاوتوێ كران. هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و قووڵكردنەوەی بەهاكانی پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە ناوچەكەدا كردەوە.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستان و عێراقی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەكانی ڤاتیكان لە برەودان بە ئاشتی و سەقامگیری دووپات كردەوە. لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، ستایشی پێگەی هەرێمی كوردستانی كرد وەك نموونەیەكی زیندوو و سەركەوتووی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئاین و پێكهاتە جیاوازەكان لە ناوچەكەدا.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی گشتیی ناوچەكە و لێكەوتە مرۆییەكانی گرژی و ئاڵۆزییەكان. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.



وشە - رامیار جەواد