نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی دوای بە دواداچوونیان بۆ گیان لە دەستدانی گەنجێك لە گرتووخانەی چاكسازی شارەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، نەوجەوانی كۆچكردوو كە ماوەیەكە بەپێی یاساو بە بڕیاری دادوەری تایبەتمەند ڕاگیراوە سەر لەبەیانی چووەتە گەرماوی تایبەت بە هۆڵەكەی خۆیان و دوای ماوەیەك مانەوە بە مردوویی دۆزراوەتەوە.
لە راگەیەنراوی نووسینگەی سلێمانی دەستەی مافی مرۆڤ هاتووە، بەدواداچوون بۆ گیانلەدەستدانی نەوجەوانێك لە گرتووخانەی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی كرا، تیمەكەی مافی مرۆڤ چوونە شوێنی ڕووداوەكە و تۆماری كامێرای ناو ئەو گەرماوەیان بینی كە ڕووداوەكە تیایدا بووە.
"بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكان نەوجەوانی كۆچكردوو كە ماوەیەكە بەپێی یاساو بە بڕیاری دادوەری تایبەتمەند ڕاگیراوە سەر لەبەیانی چووەتە گەرماوی تایبەت بە هۆڵەكەی خۆیان و دوای ماوەیەك مانەوە بە مردوویی دۆزراوەتەوە، ئێستە لیژنەیەك بە سەرپەرشتی دادوەر بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامی كۆتایی هۆكاری گیان لەدەستانی پێكهێنراوە و لێكۆڵینەوە تیایدا بەردەوامە و لە كۆتاییدا ڕاپۆرتی پزیشكی و توێكاری و كاری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەریدەخات كە ئایا ڕووداوەكە خۆكوشتن بووە یان كوشتن بووە" مافی مرۆڤ وای نووسیوە.
هەروەها دووپات دەكەنەوە كە سەبارەت بەم ڕووداوە ڕاپۆرتیێكی سەرەتایی ئاراستەی سەرۆكایەتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ كراوە و بەدواداچوونی زیاتریش بەردەوامە.