وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا: لە هاوكاریكردنی كوردستان بەردەوام دەبین

:: PM:05:53:18/05/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ڕۆما لەگەڵ گویدۆ كرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا لە بواری سەربازی و تەناهییدا و هاریكاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر تاوتوێ كران.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دووپات كردەوە، بەتایبەت لە پێشكەشكردنی ڕاوێژ و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە.

لای خۆیەوە، كرۆسێتۆ دووپاتی لە بەردەوامیی پابەندی و پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە. هەر لەمبارەیەوە ڕای گەیاند كە ئیتاڵیا لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و تەناهیی بۆیان بەردەوام دەبێت.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە تەناهییەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی گرژییەكان بوو. تیایدا هەردوولا لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، هاوڕا بوون.



وشە - وشه‌