ئامادەكردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە و نووسراوی وەزارەتی نەوت بەرەو تەواوبوونە، ئەوەی دەمێنێتەوە ناردنی نیوەی داهاتە.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئێستە لە وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوی پاڵپشتی بەردەوامی هەناردەی نەوت نەكراوە.
ئەوەیش زانراوە، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ئەو نووسراوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت كە ئاماژە بە هەناردەی نەوت و بەردەوامی دەكات.
دوێنێ هیوا ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لیستی مووچەی مانگی پێنج بە سیستمی پەیرۆڵ كۆتایی هاتووە، وردەكاریی ژمێریاری مووچەی فەرمانبەران لە KRDPASS بەردەستە.
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان كارەكانیان دەست پێ دەكەن بەمەبەستی تەمویلكردن.
هەفتەی ڕابردوو، حكوومەتی عێراق مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕەوانە كرد و لە ماوەی سێ ڕۆژدا دابەش كرا.
لە هەفتەی داهاتوودا سێ پابەندی حكوومەت تەواو دەبن، ئەوەی ماوە داهاتی ناوخۆ، حكوومەتی عێراقیش چاوەڕوان دەكات تا مانگ تەواو بێت، ئەوجا نیوەی داهات دیاری بكرێت چەندە.