شەپۆلێكی بەهێزی هەورەبروسكە و تاوەباران هەرێم دەگرێتەوە

:: AM:10:07:19/05/2026 ‌
شارەزایەكی كەشناسی هۆشداری دەدات لە ناجێگیریی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان و ڕایدەگەیەنێت، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، شەپۆلێكی بەهێزی هەورەبروسكە و تاوەباران ناوچە جیاجیاكان دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كاریگەرییەكەی بەهێزتر دەبێت.

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی لە بڵاوكراوەیەكدا ڕای گەیاند: "بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەكی فێنك بۆ سەر ناوچەكانمان، ئەمڕۆ سێشەم لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆوە ناجێگیرییەك لە كەشوهەوای هەرێمی كوردستان دروست دەبێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و لە سەنتەری پارێزگاكانی هەولێر و كەركووك و دهۆك، هەروەها ناوچەكانی باكووری گەرمیان، ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسكەی توند و نمەباران هەیە.

لەبارەی ناوچەكانی ترەوە ئەو شارەزایەی كەشناسی ڕوونیكردووەتەوە كە لە سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ناوچە شاخاوییەكان و سنووری ئیدارەكانی سۆران و ڕاپەڕین، كاریگەریی شەپۆلەكە زیاتر دەبێت و لە هەندێك شوێندا تاوەبارانی بەخوڕ دەبارێت.

هەروەها ئەگەری بارینی تەرزە لە ناوچە شاخاوییەكان هەیە و هەورەبروسكەكانیش بەهێزتر دەبن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكات خۆیان لە چوونە ناوچە بەرز و شاخاوییەكان بەدوور بگرن.

لەسەر خێرایی با و كەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو ئاراس جەبار دەڵێت: خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت كە لە نێوان 10 بۆ 25 كیلۆمەتردایە لە لەسەعاتێكدا ئاراستەكەشی باشووری ڕۆژئاوا دەبێت.

هاوكات، كاریگەریی ئەم بارستە هەوا فێنكە بۆ ڕۆژانی چوارشەم و پێنجشەم بەردەوام دەبێت، پلەكانی گەرما جێگیر دەبن و لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا ئەگەری دروستبوونی تاوەباران و هەورەبروسكە لە ناوچە شاخاوییەكان دەمێنێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز