بەمەبەستی تەواوكردنی پڕۆژەی دەروازەی هەولێر- كۆیە، قیرتاوكردنی بەشێكی دەستی پێ كرد، بەمەیش رێگەی چوون بۆ هەولێر- گۆمەسپان ئاسایی دەبێتەوە و جەنجاڵی لەو شوێنە نامێنێت.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، یەكێك لە ئەندازیارانی پڕۆژەی هەولێر-كۆیە، بە"وشە"ـی راگەیاند، قیرتاوكردنی لاینێكی پڕۆژەكە دەستی پێ كردووە، دوای تەواوبوونی لاینەكەی تریش دەست بە قیرتاوكردنی دەكرێت و هاتوچۆ دەگوازرێتەوە سەر رێگەی سەرەكییەكە.
زیاتر گوتی، دوای تەوبوونی هەردوو لاینەكە ئیتر دانانی پردەكان و رێڕەو و سندووقە ئاوبەرییەكان دەست پێ دەكات كە وردەكاری یەكجار زۆری تێدایە، بەڵام بە تەواوبوونی جوانییەكی بێ وێنە بە شوێنەكە دەدات و جەنجاڵیش نەهێڵێت.
باسی لەوەش كرد، بڕیارە چوار مانگی تر تەواو بكرێت، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە پێش ئەو كاتە تەواو بكەین و زۆر بەخێرای كاری تێدا دەكەین، لە ماوەی رابردووش سێ مانگ بەهۆی بارانبارین كارمان وەستا.
رێگەی های وەی هەولێر- كۆیە، 32 مەتر پان دەبێت و هەر سایدەی سێ هێڵی ڕۆیشتنی هەیە، خێراییەكانی بە 110، 100 و 80 بۆ باهەڵگر دیاری دەكرێت و ژمارەك پرد و یەكتربڕی لەسەر دروست دەكرێ لە دەروازەی كەسنەزان دەگاتەوە رێگەی هەولێر-گۆمەسپان.
لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیەی دانا و دووپاتی لە بایەخی پڕۆژەكە بۆ سەلامەتی ژیانی خەڵك و خێراكردنی گواستنەوە كرد، هاوكات چاودێری بەڕێوەچوونی كارەكانیش دەكات.
رێگەكە بەپێی ئەو نەخشەیەی بۆی دانراوە، 66 كیلۆمەترە و یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی كابینەی نۆ كە گرێكوێرەی 30 ساڵ دەكاتەوە، بە تەواوبوونی ماوەی هاتوچۆ بۆ نیوەی ئێستە كەم دەكاتەوە و لە كەسنەزان تا دەروازەی كۆیە 52 كیلۆمەتر دەبێت كە بە خێرایی 110 كم لە سەعاتێكدا، بە 25 خولەك دەیبڕی.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پڕۆژەكە بە پێنج قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەك و دوو و سێ، تا دەروازەی كۆیە دەبێت، دوو قۆناغەكەی تریش تا سەر جووتسایدی هیزۆپ-خەلەكان درێژ دەكرێتەوە كە دەكەوێتە پشت چیای هەیبەسوڵتان.
بەپێی ئەو نەخشەیەی دانراوە، تێچووی پرۆژەكە 435 ملیار دینارە.