یوسف گەناوی پارێزگاری نەجەف، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەم سەردانەیان بۆ هەولێر، چاویان بە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت كەوتووە. هەروەها ئامانجی سەردانەكەیان واژووكردنی لێكتێگەیشتنێكی هاوبەشە لەگەڵ هەولێر و سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی هەولێر، بەتایبەتی لە ئاو و كارەبا و ڕێگەوباندا.
یوسف گەناوی زیاتر گوتی، لە سەردانەكەماندا بۆ پارێزگاری هەولێر، ئاگاداری ئەزموونە سەركەوتووەكانی ناوچەكە بووین و لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان كۆبووینەوە، لەوانە سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی، پارێزگاری هەولێر و جێگری سەرۆكی شارەوانی.
ئەوەشی گوت كە سوودیان لە ئەزموونەكان پێوەست بە كەرتەكانی بازرگانی، كارەبا، تەندروستی، پەروەردە و شارەوانی وەرگرتووە. هەروەها ڕێككەوتنی هاوكاری و ڕێككەوتنی دوولایەنە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگای نەجەف و پارێزگای هەولێر لە نێوان ئەوان و هەولێر كراوە.
پارێزگاری نەجەف گوتیشی: ئێمە لەم سەردانەدا بۆ فێربوون لە ئەزموونە سەركەوتووەكانی هەولێر هاتووین، یەكێك لە دیارترین ئەزموونەكانیش كە لە كوردستاندا تووشی بووین، پرسی نەهێشتنی كەمی ئاو بوو. ئەم دیاردەیە بە ڕوونی لە ماوەی یەك ساڵدا بنبڕ كرا.
ئاماژەی بەوەش دا، هەروەها سوودمان لە ئەزموونی شەقامە بازنەییەكان وەرگرت كە لە گرنگترین پڕۆژەكانن بۆ پارێزگاكانمان، بەتایبەت لە كاتی سەردانە ملیۆنییەكانی چلەی ئیمام حوسێن و جەژنی غەدیر.
دواتریش گوتی، دەمانەوێ بانگێشتی كۆمپانیاكانی كوردستان و هەولێر بكەین بێنە نەجەف، بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن كە ئێستە ئێمە لەو پارێزگایە، ٤٥٠ دەرفەتی وەبەرهێنانمان لە هەموو سێكتەرەكاندا هەیه.