سبەی لە سەنگاودا 84 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرێت. شارەوانیی ناوچەكەش دەڵێت، فەرمانبەران ناتوانن كڕین و فرۆشتن بە زەوییەكانەوە بكەن تا ئەو كاتەی دەكرێت بەناویانەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە دا، دابەشكردنەكە بەپێی خاڵبەندی دەبێت و لەم قۆناغەدا لە خاڵی 49 تا خاڵی 24 زەویی وەردەگرن.
شارەوانیی سەنگاو لە ڕوونكردنەوەیەكدا باسی لەوە كردووە، ئەو فەرمانبەرانەی ناویان لە لیستەكەدا هاتووە و خاڵەكانیان 25 خاڵە، بەشێوەی تیروپشك زەوی وەردەگرن.
ڕوونیشی كردەوە، پێویستە فەرمانبەر یان خانەنشین، كارتی نیشتمانی و كارتی زانیارییان پێ بێت و خۆیان لە كاتی تیروپشكەكە ئامادەبن. هەروەها ئەو كەسانەش كە دوای پڕكردنەوەی فۆرمەكە كۆچی دواییان كردووە، میراتگرەكەیان وەفاتنامە و كارتی زانیاری و كارتی نیشتمانیان پێ بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی باسی لەوەش كرد، ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی كە بە تیروپشك زەوییەكەیان بۆ دەردەچێت، ناتوانن كڕین و فرۆشتنی پێوە بكەن تا ئەو كاتەی تۆمار دەكرێت بەناویانەوە.