پارێزەرێكی نێودەوڵەتی رای دەگەیەنێت، دۆسیەی كارزان ئەحمەد زیندانیكراوی كانی گۆمە، دەبەینە ئەوروپا و ئەمەریكا، بەڵگەی تەواویش لەسەر ئەشكەنجەیەكی زۆر هەیە.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، شێرزاد بابان هەمەوەندی ئەندامی (IBA) و (UIA) و لیژنەكانی مافی مرۆڤ و ڕاوێژكاری یاسایی نێودەوڵەتی رای گەیاند، بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین كە ئێمە بە پێگەی یاسایی نێودەوڵەتیمان، دەستمان كردووە بە ئامادەكردنی دۆسیەی پێشێلكاری و ئەشكەنجەدانەكان دەرهەق بە هاووڵاتی كارزان ئەحمەد محەمەد / ٤٩ ساڵ/.
دەشڵێت، سبەی ئەو ڕاپۆرتە پزیشكییانە و پشكنینەكانی تیشكی لەرەلەری موگناتیسی (MRI)، بە فەرمی دەگەیەنینە هەر 15 لایەنە نێودەوڵەتییە پێوەندیدارەكە (نەتەوە یەكگرتووەكان، كونسوڵگەكانی ئەمەریكا، بەریتانیا، ئەوروپا، و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ).
باس لەوەش دەكات، ئەم بەڵگەنامە پزیشكییە فەرمییانەی نەخۆشخانە پسپۆڕەكان، دڕندەییەك دەسەلمێنن كە ناكرێت بێدەنگیی لێ بكرێت، كە بووەتە هۆی پچڕانی تەواوەتی بەستەرەكانی شان و پووكانەوەی ماسولكەكان، دڕانی ژێی ماسولكەی دووسەری قۆڵ (Biceps) بەهۆی زەبری ڕاستەوخۆی زۆر توندەوە (Traumatic\ injury).
روونی كردووەتەوە، هەنگاوەكانمان بەردەوامن و ئەم ڕاستییانە دەگەیەنینە بەرزترین ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ.