سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئیتاڵیا كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پێوەندیی دۆستانەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا تاوتوێ كرا.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ ڕۆما، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەلایەن سێرجیۆ ماتارێلا سەرۆك كۆماری ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێ كرا و دواتر كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پێوەندیی دۆستانەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا تاوتوێ كرا. هەردوولا دووپاتیان لەسەر خواستی هاوبەشیان بۆ بەهێزكردنی زیاتری ئەم پێوەندییانە لە بوارە جیاجیاكاندا كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستان و عێراقی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئیتاڵیا دووپات كردەوە، بەتایبەتی لەڕووی سیاسی، مرۆیی و گەشەپێدانەوە، هەروەها هاوكاریی سەربازیی ئیتاڵیای لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆردا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە سەرۆك ماتارێلا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەكە دەربڕی و دووپاتی لە پابەندیی وڵاتەكەی بۆ پشتگیری لە ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە. هەروەها ستایش و پێزانینی ئیتاڵیای بۆ هەرێمی كوردستان وەك پارێزەر و لانكەی پێكەوەژیان و پێكهاتە جیاوازەكان لە ناوچەكەدا دووپات كردەوە.
تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری.