سزای زیندانی بۆ عوسمان گوڵپی دەرچوو

:: PM:02:26:19/05/2026 ‌
لە دادگای كەتنی سێی سلێمانی، بڕیاری شەش مانگ زیندانیكردن بۆ عوسمان گوڵپی دەرچوو، لەسەر سكاڵای ئەیووب نیعمەت ناسراو بە (ئارام قادر) سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی كە لە بابەتێكی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەییدا، وەك سیاسییەكی دۆڕاو ناوی بردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، لە دادگای كەتنی سێی سلێمانی، دانیشتنێكی تایبەت بە سكاڵای ئارام قادر لەسەر عوسمان گوڵپی بەڕێوە چوو، بەپێی زانیارییەكان بڕیارەكەی دادگا بەپێی مادەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندی، كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنرا.

بڕیاری دادگا بە شەش مانگ زیندانی و ڕاگرتنی سزاكەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەر بەكارهێنانی دەستەواژەی (سیاسییەكی دۆڕاو) بوو لە بابەتەكەیدا، چونكە دادگا پێی وابووە كە ئەو دەستەواژەیە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ناوزڕاندنە.

ئەوە لە كاتێكدا دادگای كەتنی سێ، ساڵی رابردوو بڕیاری بێ تاوانی تۆمەتباری دەركردبوو، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی سلێمانی بریارەكەی هەڵوەشاندەوە و گەڕاندیەوە بۆ دادگاكە و ئەمڕۆ دادگای كەتنی سێ، بڕیاری لەسەر تۆمەتبار دەركرد.

لە كاتێكدا پارێزەرەكەی چەند جارێك داوای كردووە بە یاسای ڕۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام دوا بڕیار بە پێی مادەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندی، بڕیار لەسەر كەیسەكەی درا.



وشە - رامیار جەواد