لیژنەیەك لە پزیشكی پسپۆر بەدواداچوون بۆ دۆسیەی حەمەڕەش دەكەن

:: PM:05:07:19/05/2026 ‌
راوێژكارێكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لیژنەیەكی پزیشكیی پسپۆڕ بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەى "حەمەڕەش" دروست دەكرێت و ئەمڕۆیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە. 

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئایار، فەیزوڵا محەمەد راوێژكار لە دەستەی مافی مرۆڤ بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی وەزارەتی تەندروستیمان كرد چاومان بە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی كەوت لەسەر دوو بابەتی گرنگ كە یەكێكیان پێك هێنانی لیژنەیەك لە پزیشكی پسپۆر بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ كەیسی ڕاگیراو محەمەد قادر تۆفیق ناسراو بە "حەمەڕەش".

حەمەڕەش كێیە؟
گیراوێكی لالەزارە پێنجشەمی رابردوو هێنرایە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی سلێمانی بە مەبەستی شایەتیدا لەسەر لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی تری لالەزار، بەڵام گوتی كە ئەو لەژێر ئەشكەنجەدا وتەی لێ‌ وەرگیراوە و ئەوەندە ئەشكەنجە دراوە تەنانەت لە پیاوەتی خراوە. 

راوێژكارەكەی دەستەی مافی مرۆڤ سوپاسی وەزیری تەندروستی دەكرد كە هەمووكات هاوكار بووە لەگەڵ دەستەكە بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتانەی كە پێوەندی بە تەندروستی هاووڵاتییانەوە بووە.


وشە - وشه‌