ژمارەی ئامێرەكانی پارەدان زیاد دەكرێن و لە داهاتوویەكی نزیك دەگاتە سەرووی هەزار ئامێر، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەشی ئێستە كارتی ئەلیكترۆنیان وەرگرتووەتەوە، 800 هەزار فەرمانبەرن.
ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئایار، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەژماری من بە "وشە" دراوە و تێدا هاتووە، ئێستە زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆری حكوومی كارتی بانكییان لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من) وەرگرتووە.
ئاشكرای كرد، بانكە بەشدارەكان زیاتر لە 600 ئامێری ڕاكێشانی پارەیان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان داناوە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی و چاوەڕوانی كەمتر مووچەكانیان ڕابكێشن.
وا بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی هاتنی پڕۆژەكە، ژمارەی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە (ATM) لە هەزار ئامێر تێبپەڕێنێت، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ڕێساكانی بانكی ناوەندیی عێراق.
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا، وەك بەشێك لە كارنامەی كابینەی نۆی حكوومەت بۆ بە مۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان و بەهێزكردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان. تا ئێستە زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆری لە ڕێگەی پڕۆژەكەوە هەژماری بانكییان بۆ دروست كراوە.